AA
02 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2021
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەڵێنی دا لە هەنگاوەکانی چاکسازیی لە وڵاتدا بەردەوام بێت تەنانەت ئامادەیی نیشاندا بۆ ئەو هەنگاوە ئەگەر گیانی خۆیشی بکاتە قوربانی و ئاماژەی بەوەشکرد کە حکوومەتەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا راستی گەورە سەبارەت بە گەندەڵی ئاشکرا دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە کازمی لە میانی کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیر و مامۆستایانی زانکۆ و شیکەرەوانی سیاسیی گوتەیەکی پێشکەش کرد.
کازمی رایگەیاند، حکوومەتەکەی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کە چاکسازیی ئابووریی لەخۆ دەگرێت"
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "وەک پێشتریش جەختم لەسەر کردووەتەوە، من بۆ چاکسازیی هاتووم، موزایەدە و خۆدەرخستن ناموەستێنێت تەنانەت ئەگەر ژیانی خۆیشمی لەسەر دابنێم".
راشیگەیاند "دەوڵەت لە شەش مانگی ڕابردووەوە متمانەی گەڕاندووەتەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان و ئێستا پەیوەندی نێوان خەڵک و ئەو هێزانە زۆر باشترە، سوپایش لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە بۆ پاراستنی گەلەکەى لەدژی هەموو مەترسییەک"
کازمی باسی لە کارەکانی حکوومەتەکەی لەبواری پەیوەندییەکاندا کرد و گوتی: "لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکان، دەتوانم بە متمانەوە بیڵێم کە کاری ئەم شەش مانگەی حکوومەت بووەتە هۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر و متمانەیەکی باشتری هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بۆ عێراق و حکوومەتەکەى، هەموو دراوسێکانمان هەوڵی پشتگیریکردنی هەستانەوەى عێراق دەدەن، هەمووان تێگەیشتوون کە هاوسەنگییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە عێراقێکی بەهێز هەیە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە گوتی: "هەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە، ئێستا یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنێکی دەستپاک و یاسایی پارەدارکردنمان هەیە، تەنها ئەوەمان ماوە دادگای فیدڕاڵی پێکبهێنین و پێکەوە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە بەهەموو هێزەوە کار بکەین".
کازمی باسی لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرد و گوتی: "لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییمان دروست کرد و بۆ یەکەمجار کەسانی ئاست باڵا خۆیان لە بەندیخانەدا بینییەوە، لەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: " لە ساڵی ٢٠٢١دا راستی گەورە سەبارەت بە گەندەڵی ئاشکرا دەکەین کە کاریگەری لەسەر ئابووری و گەشەپێدان دەبێت".
حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کە لە مانگی ئایاری رابردوو متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا، لەو کاتەوە گۆڕانکاریی ئیداری فراوانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کردووە لەنێویاندا دەزگاکانی ئاسایش و سوپا، ئەمەش وەک هەنگاوێکە بۆ دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی لە گەندەڵییدا تێوەگلاون و دانانی کەسانی خاوەن ئەزموون و لێهاتوو لە شوێنەکانیاندا.