Sarmand Hameed
06 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2020
هەولێر - AA
حەوت پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایانگەیاند دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی نادەن.
ھەریەک لە پەرلەمانتاران، رابوون مەعروف، ھوشیار عەبدوڵڵا، سەرکەوت شەمسەددین، کاوە محەمەد، سروە ونس، غالب محەمەد و یوسرا رەجەب لە راگەیەنراوێکی ھاوبەشدا رایانگەیاند؛ دەنگ بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق نادەن.
ئەو پەرلەمانتارانەی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو ھەڵوێستەیان گەڕاندووەتەوە بۆ نا روونی کارنامەی کابینەکەی کازمی بەتایبەت لەبارەی پرسی بوودجە و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم.
لە راگەیەنراوەکەدا کە لەلایەن پەرلەمانتار، کاوە محەمەد خوێندرایەوە، ئەو حەوت پەرلەمانتارە ھۆکارێکی دیکەی بەشداریی نەکردنیان لە دانیشتنەکەی پەرلەمان و دەنگنەدانیان بە کابینەکەی نوێی حکوومەت بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە بەوەی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، مستەفا کازمی بۆ پشکە وزارییەکان تەنھا گفتوگۆی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کردووە.
ئەو حەوت پەرلەمانتارانە رایانگەیاند کە ئەوان خاوەنی بیری سیاسیی جیاوازی خۆیانن ئاماژەیان بەوە کرد کە هەر دەرئەنجام و لێکەوتەیەک کە کاریگەری خراپ بکاتە سەر ئایندەی ھەرێم و خەڵکەکەی ئەوان لێی بەرپرسیار نین و ئەو بەرپرسیاریەتییە دەخەنە ئەستۆی ئەو کەس و لایەنانەی کە پاڵپشتیی ئەو کابینەیە دەکەن.
رۆژی نۆی نیسانی رابردوو سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی، مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.