Abdullah Shukur
05 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2016
پەرلەمانی تورکیا
وەزیری بەرگری تورکیا، عیسمەت یڵماز رایگەیاند: "دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەریی کارێکی راست بوو. ھاوکات مەبەست لەم قۆناغە دانانی چەک و گفتوگۆکردنی ھەموو شتەکانی دیکە بوو لە چوارچێوەی قۆناغی دیموکراتی. بەڵام بەھۆی پێشھاتەکانی دەرەوەی وڵات ئەو قۆناغە راگیرا".
یڵماز لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠١٦، وتارێکی پێشکەش کرد.
عیسمەت یڵماز گوتی: "رێکخراوە توندڕەوەکان دەرفەتیان لە بۆشایی دەسەڵات لە ھەردوو وڵاتی عێراق و سووریا وەرگرت و ئێستاش دەیانەوێت دەسەڵاتیان لە ناوچەکە فراوانتر بکەن. ھاوکات لە ئاستی ناوچەیی و جیھانی ھەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتان دەکرێت. گوتیشی: "رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەمان. داعش دووژمنی ھاوبەشی مرۆڤایەتییە. ھاوکات جیاوازی مەزھەب لە ناوچەکەدا یەکێکە لەو بوارانەی کە داعش سوودی لێوەرگرتووە. تورکیا ھەر لەسەرەتاوە پاڵپشتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە".
یڵماز راشیگەیاند کە پەکەکە بۆ ئەوەی خۆی وەک رێکخراوێکی یاسایی پیشان بدات، سوودی لە قەیرانی سووریا و عێراق بینیوە و لەوبارەیەوە گوتیشی: "پەکەکە و پەیەدە ھەردووکیان تیرۆریستن و ھەمان سەرکردەیان ھەیە. ھاوکات بەڵگەمان ھەیە لەسەر ئەوەی کە ھاوکاریی چەک بۆ پەیەدە گەیشتووەتە دەستی پەکەکە بۆ ئەوەی لە تورکیا بەکاربھێنرێت. ئەمەش ھەڕەشەیەکی جددیە لەسەر وڵاتەکەمان".
یڵماز جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا دۆستی ھەموو ئەو گەلانەیە کە لەم جوگرافیایە دەژین. یڵماز زیاتر گوتیشی: "لە سەخترین کاتەکانیشدا، تورکیا دۆستی کوردەکانی سووریا بووە. ئێمە ئەوەمان پیشاندا کاتێک داعش لە سێ لاوە ھێرشی کردە سەر کۆبانێ و تورکیاش دەرگای بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس کردەوە. تورکیا پاڵپشت بووە لە رزگارکردنی کۆبانێ".
یڵماز باسی لە قۆناغی چارەسەریی کرد و رایگەیاند کە ئەو قۆناغە لە پەرلەمان تورکیا یاسایی بۆ دەرھێنراوە. گوتیشی: "دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەریی کارێکی راست بوو. ھاوکات مەبەست لە قۆناغی چارەسەریی دانانی چەک و گفتوگۆکردنی ھەموو شتەکانی دیکە بوو لە چوارچێوەی قۆناغی دیموکراتی. بەڵام بەھۆی پێشھاتەکانی دەرەوەی وڵات ئەو قۆناغە راگیرا".
یڵماز ئاماژەی بەوە دا کە ھێزەکانی ئەمنی تورکیا ئەرکی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوی دژی تیرۆر لە چوارچێوەی یاسا جێبەجێ کردووە. گوتیشی: "قۆناغی چارەسەریی قۆناغێکی شاراوە و نھێنی نییە و لە پەرلەمان یاسای بۆ دەرکراوە. ھاوکات بۆ جێبەجێ کردنیشی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ دەرچووە".