Sarmand Hameed
06 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2020
هەولێر - AA
راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، لیستی ناوی ئەندامانی کابینەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە و چاوەڕوانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت.
مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسییەتی: "لیستی ناوی ئەندامانی کابینە پێشنیازکراوەکەم نارد بۆ پەرلەمان و چاوەڕوانین دەنگدانی لەسەر ئەنجام بدرێت".
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە: "ھەوڵمدا باشترین پالێوراو بۆ ھەریەک لە وەزارەتەکان ھەڵبژێرم، بە ھیوای متمانە پێ بەخشینیان".
مستەفا کازمی ھەروەھا لە تویتەکەیدا کە بەهەرسێ زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی نووسیوویەتی، ئاماژەی بەوەکردووە: "ئامانجمان خزمەتکردن و دابینکردنی ئارامی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانییە بۆ گەلی عێراق".
رۆژی نۆی نیسانی رابردوو سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی، مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.