Haydar Hadi
03 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2015
بەغدا
ھەزاران کەس لە بەغدا خۆپێشاندانیان دژی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری ئەنجام دا.
خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا کۆبوونەوە و حکوومەت و پەرلەمانی عێراقیان بە دواکەوتنی جێبەجێکردنی چاکسازییەکان تۆمەتبار کرد.
ھاوکات لە نێو خۆپێشاندەراندا سەرۆکی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدریش ھەبوو و داوای دادگاییکردنی ئەو بەرپرسانە کرا تێکەڵی گەندەڵی بوونە و دروشمی "نان، ئازادی و دەوڵەتی سڤیل" و نەخێر بۆ مەزھەبگێری" بەرز کرایەوە.
چالاکوانی سڤیل، بان ھاشم ئاماژەی بەوە دا کە داوای دەوڵەتێکی سڤیل و دادپەروەر دەکەن و گوتیشی: "داوای دەوڵەتێکی سڤیلی وا دەکەین کە گشت گەلی وڵات لەسەر بنمای دادپەروەری و یەکسانی کۆبکاتەوە".
چالاکوانێکی دیکە بە ناوی ئەسیل حوسێن بانگەوازی بۆ سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی کرد بۆ ئەوەی چاکسازییەکان دوا نەکەوێت و لە گشت دامودەزگاکانی حکوومی و دادی پەیرەو بکرێت.
لایەنگرێکی موقتەدا سەدر بە ناوی عەبدلباری بەسیر پشتگیری بانگەوازەکەی سەدری کرد و گوتیشی: "دەمانەوێت بێتاوانەکانی گرتوخانەکان ئازاد بکرێن، سەرۆکی داد، متحات مەحمود لەکارلابرێت و ئەوانەی بەعسینە و لە نێو حکوومەت بوونیان ھەیە دەستبەجێ لە پۆستەکانیان لابدرێن. ھۆشداری بە عەبادی دەدەین کە کۆڵانەکان بێدەنگ نابێت. حزبی دەعوە ئەمڕۆ بووەتە حزبی دزەکان و ھەر ئەوانیش شاری موسڵیان رادەست کرد. گەل بڕیاری خۆی داوە و دوا چانس بە عەبادی دەدات".
جێگەی باسە بەھۆی خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆ، گۆڕەپانی تەحریر لە سەعات ١١ی بەیانییەوە بۆ ھاتووچۆ داخرا و دوای رێوشوێنی ئەمنی توند لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رێگە بە خۆپێشاندەران بۆ گۆڕەپانەکە درا.
ھاوکات بەھۆی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری وڵات لە شارەکانی بابل، دیوانیە، کەربەل، مەجەف، عەمار و بەسرەش خۆپێشاندان ئەنجام درا و جاروباریش گرژی لە نێوان خۆپێشاندەران و ھێزەکانی ئەمنی روویدا.