Sarmand Hameed
30 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2020
هەولێر - AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بەرنامەی کاری کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی وەرگرت کە لەلایەن مستەفا کازمی ئاراستەی کرابوو.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی بەپێی بڕگەكانی ماەدەی (٤٣/دووەم) لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆكایەتی جێگری یەكەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن كەعبی و ئەندامێتی ژمارەیەک پەرلەمانتار و راوێژكار بۆ لێكۆڵینەوە لە بەرنامەی وەزاری پێشكەش كراو و پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەوبارەیەوە بە ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، بەرنامەی کاری کابینەکەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناردووە.
کازمی لە تویتێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە، تیایدا نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ بەرنامەى کارى کابینەکەم بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران نارد، بەمەبەستى ئاگاداربوونى ئەندامە بەرێزەکان".
کازمی لەگەڵ تویتەکەیدا گرتە ڤیدیۆیەکیشی بڵاوکردووتەوە کە واژوو لەسەر کارنامەی کابینەکەی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نووسیوویەتی: "ناوى کاندیدەکانیش بۆ کابینەى داهاتوو لە میانى ماوە دەستورییەکەدا دەنێرین، تا دانیشتنى دەنگدان دیاری بکرێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، مستەفا رایگەیاند دەڵێت "بژى خاک و گەل و سەروەریی نیشتمانیى عیراق".
رۆژی نۆی نیسان، سەركۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، مستەفا كازمی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ راسپارد.
پێشتر مستەفا کازمی رایگەیاندبوو، حکوومەتێکیان دەوێت کە لێهاتوو و دەست پاک بێت، بتوانێت رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە، وڵات بەرەو سەرکەوتن ببات و داواکارییەکانی خەڵکیش جێبەجێ بکات.