Sarmand Hameed
09 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راسپارد.
رێوڕەسمی راسپاردنەکە بە ئامادەبوونی ھەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان و سەرۆکی دادگای فیدراڵی، مدحەت مەحمود و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جینین پلاسخارت و ژمارەیەک لە سەرۆکی پێکھاتەی ھێزە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە رێوڕەسمەکەدا کە لە کۆشکی سەلام لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، لە میانیدا سەرکۆمار بەرھەم ساڵح وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند ئەمڕۆ مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ رادەسپێرین کە بەرپرسیارییەتییەکی گەرورەیە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.

سەرکۆماری عێراق راشیگەیاند بە ھەوڵی دڵسۆزان و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان و ھێزە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکان گەیشتنە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی مستەفا کازمی، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمڕۆ ئێمە لە کۆشکی سەلام بە ئامادەبوونی ئەم کەسایەتییانە کۆدەبینەوە کە نوێنەرایەتی لایەنی سیاسییەکان دەکەن و ھەموولایەکیان سوورن لەسەر پێکھێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی پاڵپشت بە بڕیاری نیشتمانی عێراقی کە پابەند بێت بە بەرنامەی چاکسازی کە ھاووڵاتییان داوای دەکەن و چاوەروانن لە رێگەیەوە مافەکانیان بۆ بەدیھێنانی ژیانێکی شکۆمەند بەدی بێت.
بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە لە گرنگی پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز کە بتوانێت رووبەڕووی ئاڵەنگاری و قەیرانەکانی ئێستا ببێتەوە و پارێزگاری لە سەروەری و سەقامگیری عێراق بکات، ھەروەھا داواکاری گەلانی عێراق بەدی بهێنێت لە رێگەی جێبەجێکردنی چاکسازی بەڵێندراو، دووپاتیشیکردەوە لە پێویستی کاری جددی و سوور بوون لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەرد کە جێگەی باوەری رۆڵەکانی عێراق بێت و دەرفەتێکی گەرەنتی ھەیە بۆ ئەوەی گوزارشت لە بیر و بۆچوونەکانیان بکەن لەبارەی داھاتووی وڵاتەکەیان.
سەرکۆماری عێراق ھیوای خواست سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو سەرکەوتوو بێت لە ئەرکە نوێکەیدا و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی زۆر ئەرکی گرنگ و دەستکەوت ھەیە کە گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە چاوەروانن بەدی بێت، راشیگەیاند ئەوە ئەمانەت و بەرپرسیارییەتییەکە لە ئەستۆمانە کە ھەمووان ھەوڵی بەدیھێنانیان بدەین.
لە بەشێکی قسەکانیدا بەرھەم ساڵح گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە لە رۆژێکدا کۆدەبینەوە کە ھاوکاتە لەگەڵ چەندین رووداوی مێژوویی گرنگ لە عێراق، ئەمڕۆ بیرەوەری شەھیدکردنی شەھید سەدرە، ھەروەھا ئەمڕۆ بیرەوەری فەتوای جیھادە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش کە ئاراستەی رووداوەکانی گۆڕی و یارمەتیدەربوو بۆ لەناوبردنی داعش و وڵاتەکەمانی لەو مەترسییە رزگارکرد کە رووبەڕووی دەبووینەوە، ئەمڕۆ رۆژی بیرەوەری کەوتنی بت و کۆتاییھاتن بوو بە دیکتاتۆرییەتی ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و سەرکوتکردن و تیرۆر".
سەرکۆماری عێراق گوتشی: "گەلانی عێراق لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و پێش ١٧ ساڵ لە چاوەڕوانی ژیانێکی سەربەست و شکۆمەند و وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەراندا بوون، ھۆکاری جیاجیا ھاتنە ئاراوە و دەستیان وەردا، کەموکوڕی سیاسی و قۆرخکاری و ململانێ و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و دەستوەردان رێگەی نەدا گەلانی عێراق بگەن بەم مافە سەرەتایەی خۆیان بۆ ژیانێکی شکۆمەند".
بەرھەم ساڵح باسی لە رووداوەکانی چەند مانگی رابردووی عێراقی کرد و گوتی: "ئەم ماوەیەی رابردوو ماوەیەکی قورس بوو لە مێژووی عێراق ھەر لە ژیان و پێکەوژیان و مامەڵەماندا و رووبەڕووی ناڕەزایی میللی بەرفراوان بووینەوە کە داوای چاکسازی دەکرد و کاروانی ئاراستەی وڵاتەکەمانی برد و زۆر رووداوی سیاسی لە وڵاتەکەمان و لە دڵی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا روویدا، ئاڵوگۆری دەسەڵات و دەستلەکارکێشانەوەی بەرێز عادل عەبدولمەھدی لە حکوومەت و راسپاردنی کەسانی تر لە برایانی ئازیزمان لە چوارچێوەی دەستووری رێگەپێدراو لایەنەکان بەگوێرەی گفتوگۆی ئەم رێکارانە پابەندبوون".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دیکەی بەرھەم ساڵح گوتی: "ئەمە دەستکەوت و پێزانینێکی گرنگە نەک بە بیانووی ئەوەی کە ماوەیەکی زۆرمان تێپەراند و گەلانی عێراق زۆر چاوەڕوانی ئێمەی کرد، و پێویست بوو لەسەرمان لە زووترین کاتدا پێکھاتنی حکوومەت پێشکەش بکەین بەڵام ئەمە دۆخی ئێمەیە، پابەندبووین بە رێکارەکانەوە و ئێستاش لە دۆخێکی نوێداین، بەرێز عەدنان زورفی پۆزشی ھێنایەوە لە راسپاردنەکەی بۆ پێکھێنانی حکوومەت و نامەیەکی فەرمی لەم بارەیەوە ئاراستە کردین، ھەروەھا ئەمڕۆ دەمەوێت سوپاسی بەڕێز زورفی بکەم بۆ پابەندبوون و رێزی لە بەرژەوەندی نیشتمانی و ھەڵوێستێکی ئازایانە بوو لەم دۆخەدا نواندی، پێشتر قسەم لەگەڵی کرد و پشتیوانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پرۆسەی سیاسی کە یەکێتی رێزەکانی عێراق پارێزراو بێت و بۆ ئەو ھەڵوێستەشی سوپاس و پێزانینی خۆم پێگەیاند".
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لەبارەی راسپاردنی مەستەفا کازمی گوتی: "ئەمڕۆ بەڕێز مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ رادەسپێرین لە عێراق، بەڕێز کازمی کەسایەتییەکی تێکۆشەر و رۆشنبیرە و بە پاکی و دادپەرورە و سوربوون لەسەر مافی گشتی بۆ ھاووڵاتییان ناسراوە".
گوتیشی: "ئەم بەرپرسیارییەتە گەورەیە دەخرێتە سەر شانی مستەفا کازمی، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لەم رووەوە، دەمەوێت لەسەر بابەتێکی گرنگ ھەڵوەستە بکەن، ماوەی رابردوو ئەم پرۆسەیە گفتوگۆ و ناکۆکییەکی زۆری لە نێوانمان و نێوان ھێزە ناکۆکە سیاسییەکان دروستکرد".
راشیگەیاند، ئەمڕۆژە لە راستیدا رۆژێکە کە قۆناغێکی قورسمان تێپەراند و سیستەمی سیاسی رووبەڕووی پرسیار و گومانی بەردەوام دەبووە کە لێرە نامەوێت وردەکاری بخەمە روو، بەڵام وانەیەک بوو لەوەی روویدا وەرمانگرت، ئەمڕۆ ئێمە لە کۆشکی سەلام بە ئامادەبوونی ئەم کەسایەتییانە کۆدەبینەوە کە نوێنەرایەتی لایەنی سیاسی دەکەن و ھەموولایەکیان سوورن لەسەر پێکھێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی پاڵپشت بە بڕیاری نیشتمانی عێراق کە پابەندبێت بە بەرنامەی چاکسازی کە ھاووڵاتیان داوای دەکەن و چاوڕەوانن لە رێگەیەوە مافەکانیان بۆ بەدیھێنانی ژیانێکی شکۆمەند بەدی بێت.
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "بە پشتیوانی خوا مستەفا کازمی ئەرکێکی گرنگی گرتووەتە ئەستۆ، بە دڵنیاییەوە پشتیوانت دەبم و تۆش پشتیوانی وڵات بیت، ئەم ماوەیە کۆتایی پێبھێنین و بەرەو ھەڵبژاردنی پاک ھەنگاو بنێین کە مافی ھاونیشتمانیان لە ھەڵبژاردنی حکوومەتەکەیان بەدی بێت لە رێگەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە بتوانێت ئەم قەیرانە تەندروستییە تێپەرێنێت کە وڵاتەکەمانی خستووەتە بەر بارێکی قورسی ئابووری و دارایی، ئەوەی گرنگە ھەمووان ئەم وڵاتە بپارێزین و بەھێزی بکەین، دەوڵەتێک خاوەن سەروەر و توانا، پاڵپشت بەبڕیاری نیشتمانی عێراقی".
جێی ئاماژەیە، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رۆژی ١٦ ی ئاداری رابردوو، عەدنان زورفی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راسپارد، بەڵام ئەمڕۆ زورفی لە پەیامێکدا کشانەوەی خۆی لە راسپاردنی راگەیاند، و دواتر بەرھەم ساڵح مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکوومەت راسپارد.