سياسەت

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی پارێزگای دھۆکی كرد

- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی تووشبووان و بەرکەوتووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چاودێریکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە سەردانی پارێزگای دھۆکی کرد.

Abdullah Abdulmanaf Shukur, Sarmand Hameed  | 09.04.2020 - نوێکردنەوە : 11.04.2020
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی پارێزگای دھۆکی كرد

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی تووشبووان و بەرکەوتووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چاودێریکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە سەردانی پارێزگای دھۆکی کرد.

بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، رێواز فایەق مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی تووشبووان و چاودێریکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە سەردانی پارێزگای دھۆکی کردووە و لەلایەن پارێزگاری دهۆک، فەرھاد ئەتروشی و لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لەو پارێزگایە پێشوازیی لێکراوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پارێزگاری دھۆک فەرھاد ئەتروشی باسی چۆنیەتی کارکردنی تیمەکانی ژووری ئۆپەراسێۆنی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خشتەی راپەڕاندنی ئیشوکارەکانی کرد ‌کە بەپێی راسپاردەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ گیراونەتەبەر.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆلی ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پارێزگاکە بەرزنرخاند و ستایشی کردن کە لەماوەی رابردوودا لەخۆبووردووانە شەونخونییان کێشاوە لەپێناو پاراستنی تەندروستیی ھاووڵاتییانی پارێزگاکە.

رێواز فایەق سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ھاووڵاتییانی شاری دھۆک کە پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بوون، سوپاسی کارمەندانی تەندروستی و ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆو ئاسایش و ھاتوچۆو خزمەتگوزارییە گشتییەکانیشی کرد بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی میکانیزم و رێکارەکانی هاوکاریکردنی کاسبکار و پیشەوەرانى لە ھەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکاندا لە راوێژدا دەبێت بۆ وەرگرتنی بیرۆکەو راو بۆچوونەکانیان بۆئەوەی بتوانن رێژەی زیانە مادییەکانی ھاووڵاتییان کەمبکەنەوە، ئەوەش بێگومان بە بەخشینیان دەبێت لەهەندێک باج و کرێ و رسومات، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی بڕیارەکەی حکوومەت دەکەن کە لە سنووری دەسەڵات و دەستڕۆیی یاسایی رێپێدراوی خۆیدا ئەو لێخۆشبوون و کەمکردنەوانە رابگەیەنێت و هەر رێکارێکی تەشریعیش پێوست بێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دۆخەکە لەسەر هاووڵاتییان بەکاری پێکەوەیی ئەنجامی دەدەین".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند: "بیرۆکەی پێدانی پێشخستن (قیدەم) بۆ ئەو پزیشک و کارمەندو فەرمانبەرانەی کە لەسەنگەری پێشەوەی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنادان و ئەوانەشی لە هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆو خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەماوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و کەرەنتینە لەئەرکدا بوون، یەکێکە لەو پێشنیارانەی کە لەلایەن ئیدارە خۆجێییەکانەوە خراوەتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و بۆ نرخاندنی ماندووبوونیان دەبێت هەموومان پشتیوانیان بین و لەگەڵ حکوومەتیش هاوئاهەنگی بکەین".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın