Heman Husseın Yaseen
07 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2020
هەولێر- AA
کۆبوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە ئەگەر سبەی چوارشەممە راپۆرتەکە ئامادە بکرێت ئەوا هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانیی، محەمەد سەعدەدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەیاسای چاکسازی پێویستمان بە دانیشتن هەبوو لەگەڵ حکوومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک لە بڕگە و بابەتەکان، بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکایەتی حکوومەت دانیشتین و گفتوگۆی تەواومان لەسەر پڕۆژە یاساکە کرد".
محەمەد سەعدەدین گوتیشی: "ئێوارەی ئەمڕۆش بەجیا لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان بۆ هەمان مەبەست دادەنیشین و ئەگەر سبەی راپۆرتەکە ئامادە بکرێت ئەوا هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام دەدرێت".
رۆژی ١٢/١٢/٢٠١٩ پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کە لە ١٩ ماددە پێکهاتووە گەیشتە پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان.