1 23
01 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2016
لژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان نیگەرانە لە نەبوونی بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەكانی كشتوكاڵ و بەردەوامی هاوردەكردنی سەوزە و میوەی ئێرانی لە رێگەی سنوورەكانەوە، جێگری سەرۆكی لیژنەكەش ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەوەی بەرهەمەكانیان تێچووی كرێكارەكان دەرناهێنێتەوە، جووتیاران بەرهەمەكانیان فەرامۆشکردووە.
لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان نیگەرانە لە نەبوونی بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەكانی كشتوكاڵ و بەردەوامی هاوردەكردنی سەوزە و میوەی ئێرانی لە رێگەی سنوورەكانەوە، جێگری سەرۆكی لیژنەكەش ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەوەی بەرهەمەكانیان تێچووی كرێكارەكان دەرناهێنێتەوە، جووتیاران بەرهەمەكانیان فەرامۆشکردووە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان غەریب پێنجوێنی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمان دەقی یاداشتێكی لیژنەكەی خوێندەوە كە ئاراستەی سەرۆكایەتی حكوومەت و هەریەک لە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، دارایی، بازرگانی، ناوخۆ و پلاندانیان كردووە.
پێنجوێنی گوتی:" ئێمە لە لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان دوای بەدواداچوونی زۆرمان بۆ هۆكاری بێ بازاڕی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ناوخۆ کردووە، چەندین جار سەردانی عەلوەكانی شارەكانی كوردستان و بازگەكان و خاڵە سنورییەكانمان کردووە، بە چاوی خۆمان بینیمان هەزاران تەن لە شووتی، تەماتە و پیاز بە قاچاخ هاوردەكراون و جووتیارانی كوردستانیش بەرهەمەكانیان بۆ نافرۆشرێت، دوای چەندین جار پەیوەندییکردن بە لایەنە بەرپرسەكانەوە كێشەكە چارەسەرنەكراوە".
لە یاداشتەكەدا بەناوی سەرجەم ئەندامانی لیژنەكەوە رەخنەی توند لە سستیی و دەستەوەستانیی حكوومەت و هەریەک لە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، دارایی، بازرگانی، ناوخۆ و پارێزگاكان دەگرێت كە چارەسەری هاوردەكردنی قاچاخی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی دەرەوە چارەسەرناكەن.
غەریب پێنجوێنی داوایكرد فریای جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكەون، ئاماژەی بەوەشكرد لە دەشتی شارەزووردا دەیان هەزار تەن پیاز هەڵنەكەنراوە بەهۆی دەرنەهێنانەوەی تێچوونی كرێكارەوە.
لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی یاداشتەكەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات بەخێرایی كۆببنەوە و چارەسەری كێشەی جووتیاران بكەن، سنور، بازگە و عەلوەكان كۆنترۆڵبكەن و رێگە بە هاتنی بەرهەمی ئێرانی نەدرێت بۆ ناوخۆی كوردستان.
ئەو یاداشتەی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان دوای دوو رۆژ لە خۆپیشاندانی جووتیارانی قەزای پێنجوێن (کە 96 کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورەو و دەکەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی سلێمانی) دێت، كە تێیدا جووتیارانی ناوچەكە رێگەی سەرەكی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ (مەرزێكی نێودەوڵەتیی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستانە) یان گرت و رێگرییان لەتێپەڕبوونی ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرانە کرد کە تەماتە، سەوزە و میوەی ئێرانیان هەڵگرتبوو و بەرهەمەكانیان لەسەر شەقامەكان فڕێدا.
جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی گوت:" بازاڕگەریی بۆ بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران نەکراوە، ئەوەش بەهۆی جێبەجێنەكردنی سەپاندنی باج وەك خۆی، هەروەها بەردەوامیی هاتنی بەرهەمی دەرەوە".
لەلای خۆیەوە ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان، خەڵەف ئەحمەد لە كۆنگرەكەدا گوتی:" پێشنیاری تەواومان داوەتە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ رێگرییكردن لە هاتنی میوە و سەوزە لە دەرەوە، ئەوەی هەیە كارەساتە و ئەگەر پەرلەمان كارا بووایە ئەو دۆخەی ئێستا بەسەر جووتیاران هاتووە جێگەی ئەوەبوو لە پەرلەماندا متمانە لە زیاتر لە وەزیرێك بسەنرایەتەوە".