Hemin Hüseyin
17 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2016
کاتژمێر 6ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر چەکدارانی داعش دەستی پێکرد و لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا 11 گوند کۆنتڕۆڵکران وسەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، ئێوارە گەیشتە میحوەری خازر و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە هەنگاوی یەکەم وەسفکرد.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێک کە بپێکهاتبوون لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و فەرماندەی یەکەی حەفتا جەعفەر شێخ مستەفا میحوەری خازری بەسەر کردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیشدا سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە و خاڵی وەرچەرخانی شەڕی دژی داعشە و بۆ ئەو مەبەستە پێشتر سەردانی بەغدامان کردووە و لە بارەی وردەکارییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە رێککەوتین و ئەڕۆش قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە بوو کە زۆریش سەرکەوتوو بووین".
بارزانی گوتیشی: "ھەر بۆ ئەو مەبەستە پێش ماوەیەک سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی کۆبووینەوە وەکو شاندی ھەرێم، لەوێدا بڕیاری کۆتایی درا، کە پێکەوە دەست بە ئۆپەراسیۆنەکە بکەین، ئەمڕۆ کاتژێر ٦ی بەیانی کە رۆژی ١٧ی مانگی ئۆکتۆبەرە، ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد سوپاس بۆ خودا سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەستھاتووە".
بارزانی گوتشی: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تا ئێستا سەرکەوتنی مەزن بەدەستھاتووە و ٢٠٠ کیلۆمەتر زەوی کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و هاوکات ئەوە یەکەمجار لە مێژوودا پێشمەرگەی کوردستان و سەربازی عێراقی، خوێنییان تێکەڵ دەبێت و لە دژی دوژمنێک بەیەکەوە دەجەنگن".
ماوەیەکی هەبوونی هێزێکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنییان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی رۆژنامەنووساندا بارزانی گوتی: "دەبێت ھەماھەنگی و لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا ھەبێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە بەر لە هاتنی داعش ئامادەبوونە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک و هاوکات رایگەیاند کە لە ھەر شوێنێک پێویست بێت پێشمەرگە دەمێنێتەوە، ئەوەش بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەبێت.
سەبارەت بە ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی شاری مووسڵ لە ئەنجامی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، سەرۆکی ھەرێم گوتی: "ھەموو ھەوڵێک دراوە کەمترین رێژەی خەڵک ئاوارەبێت، چونکە ئێستا یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئاوارە لە ھەرێمی کوردستانن، بەڵام ھەماھەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانیش کراوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و گوتی: "لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی ھاوپەیمانان بکەم بۆ ئەو پشتیوانییانەی کردوویانە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە، دەستخۆشی لە ھەموو سەربازەکانی سوپای عێراقی و ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم، کە ئەمڕۆ قارەمانانە، ئەرکەکەیان ئەنجامدا و گورزی کوشندەیان لە تیرۆریستانی داعشداوە زیانی زۆر گەورەیان پێگەیاندوون".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە کۆتایی قسەکانیدا سەرخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان کرد و گوتی: "سەرەخۆشی خۆم بە کەسوکاری ئەو شەھیدانە رادەگەیێنم چ سەربازانی سوپای عێراقی و چ پێشمەرگە، ھەروەھا تەماننای شیفای عاجل بۆ بریندارەکان دەکەم".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندەکانی دەوروبەری شاری مووسڵ دەستی پێکرد و لە ئەنجامیشدا 11 گوند لەلایەن سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنتڕۆڵکران".