Heman Hussein Yaseen
08 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندی پارتی دیموکراتی گەلان HDP كرد بە سەرۆکایەتی ھاوسەرۆکی پارتەکە، سەزایی تەمەلـلی.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە ئێستا کاتی ئاشتییە و پرسی کورد لە تورکیا دەبێت لە رێگای ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ ھیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت ھیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتی لە تورکیا لەدەست بدرێت.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی گەلان HDP بە سەرۆکایەتیی ھاوسەرۆکی HDP، سەزایی تەمەللی جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ھەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوە و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا ھەرچی پێویست بێت، درێخی ناکەن.
باسی لەوەیشکردووە کە له دیدارهكهدا شاندی HDP وێڕای پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی بۆ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستووە و سوپاسی ھەوڵ و کۆششەکانی رابردوو و ئێستای نێچیرڤان بارزانی-یان بۆ ئاشتی کردووە و دووپاتیانکردووەتەوە کە ئاشتی لە بەرژوەندیی تەواوی گەلانی تورکیادایە و گەلی کورد خوازیاری ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانەیە.