Arif Yusuf
08 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
نەینەوا ــ AA
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند "قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بە ئاگاداری و بەبەرچاوی دەسەڵات رووبەڕووی كاری تێكدەرانە بووەتەوە كە لە لایەن میلیشیاكانی دەرەوەی یاسا و چەكدارانی دەرەوەی سنوور پەكەكە ئەنجام دەدرێت".
مەحما خەلیل راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە کە تیادا هاتووە "بەپێی یاسا و دەستوور، حكوومەتی عێراق ئەرکی سەر شانییەتی کە رێگری بكات لە ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە لە شنگال، هەروەها حکوومەت جددی نییە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و گرنگیش بە ناوچەكانیان نادرێت".
قایمقامی شنگال راشیگەیاندووە كە لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆری یاداشتنامە و داواكارییان پێشكەشكردبوو كە تیایدا داوایانكردووە گرنگە شنگال سەقامگیر بێت، هەروەها گرنگییش بدرێت بە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر زێدی خۆیان.
مەحما خەلیل ئەوەی وەبیرهێناتەوە، حكوومەتی فیدرال دانی بەوەداناوە كە شنگال ناوچەیەكی كارەساتبارە، هەروەها چەند بڕیارێكیش تایبەت بە سەقامگیركردنی شنگال دەركردبوو، بەڵام ئەو بڕیارانە تا ئێستا جێبەجێ نەكراون.
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل ئەوەشی گوتووە "كۆمەڵگاكانی سەربە قەزای شنگال بەر لە پەلامارەکانی داعش، هەزار و ٥٠٠ كەس تیادا نیشتەجێبوون، بەڵام لەئێستادا بە هۆی ئەوەی ئەو كۆمەڵگایانە لە بۆمبە چێندراوەكان پاكسازی نەكراون، وێرای خراپی خزمەتگوزارییەكان، ئەو ژمارەیە بوونی نییە".
مەحما خەلیل روونیكردووەتەوە كە لە ٣٦٠ هەزار ئاوارە كە لەسەدا ٨٥یان دانیشتوی شنگالن، تەنها ژمارەیەكی كەمیان گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.
قایمقامی شنگال ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ئاوارانە گەڕاوانەتەوە ئەو ناوچانەی كە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكراوەنەتەوە و لە بۆمبە چێندراوەكان پاكسازكراون و پێداویستییەكانی ژیانیان تیادا دابین كراوە.