Heman Hussein Yaseen
08 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ستایشی رۆڵی ماکرۆن و فەڕەنسای لە پشتگیریی ھەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە گەلی کوردستان رێز و پێزانینی بۆ دۆستایەتی و پشتگیریی فەڕەنسا ھەیە و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ فەڕەنسا.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە ھەولێر ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکی تازەیدا، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ھەموو پشتگیری و ئاسانکارییەکی بۆ دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی هەواڵەکە ئاماژە بەوەکراوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا کرد لە پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی ھەولێر ـ بەغدا کە لە ئەنجامدا ھەردوولا توانییان ھەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی ھەندێک لە کێشەکان بنێن، هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ ھەوڵەکانی فەڕەنسا لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە باکووری سووریا دەربڕی".
ئاماژە بەوەشکراوە کە ھەردوولا تیشکیان خستە سەر دۆخی ئەمنی، سیاسی و ئابووریی عێراق و جەختیان لە گرنگیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامیگیری بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە.
هەر لە دانیشتنەکەدا کۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ ھاوکاری و یارمەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپاتکردەوە، ھەروەھا تیشکی خستە سەر سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان.