Sarmand Hameed
08 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، عەلی باپیر و شاندێكی یاوەری كرد.
ماڵپەڕی فەرمی مەسعود بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەكەدا، بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا.
هەر لەو دانیشتنەدا جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان و بەدیهێنانی بەكڕیزیی نیشتیمانی كرایەوە.
لە بەشێكی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر پێویستیی یەكوتاری و هەماهەنگیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا هاوڕا بوون.
پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، تەوەرێكی دیکەی ئەو دیدارە بووە.