عێراق

مەسرور بارزانی: "پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ زەمینە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە ڕێگەی دەرکردنی هێزە چەکدار و میلیشیاکان خۆش بکات"

- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی: "(حکوومەتی فیدڕاڵ) پێویستە زەمینە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و میلیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە".

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 03.08.2025 - نوێکردنەوە : 04.08.2025
مەسرور بارزانی: "پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ زەمینە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە ڕێگەی دەرکردنی هێزە چەکدار و میلیشیاکان خۆش بکات"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال هەوڵی دەرکردنی هێزە چەکدار و میلیشیاکان لە دەڤەرەکە بدات. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال بووەتە هۆی ئەوەی کە ناوچەکە ئاوەدان نەکرێتەوە.

مەسرور بارزانی ڕادەگەیەنێت، بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنییەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت.

بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ڕای گشتی کرد.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران بارزانیدا، وێڕای یادکردنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکە بە هۆی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، باس لە پێویستی گەڕاندنەوەی ڕفێندراوە ئێزدییەکان کراوە و هاتووە: "حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتیی داراییی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و ڕەخنەشی لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال گرتووە و هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ بوونی هێزە چەکدار و میلیشیاکان لە دەڤەرەکە گەڕاندووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "پێویستە (حکوومەتی فیدڕاڵ) یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و میلیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە. کە بە داخەوە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنییەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن