عێراق

بوونی پەکەکە و هێزی چەکدار ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال

Rawan Subhi Obaiullah  | 02.08.2025 - نوێکردنەوە : 04.08.2025
بوونی پەکەکە و هێزی چەکدار ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال

Dahuk

دهۆك - AA

ژیان لە کەمپی ئاوارەکان بۆ ئێزدییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەختتر دەبێت، سەرمای سەختی زستان و گەرمای لەڕادەبەدەری هاوین، نەبوونی هاوکاریی حکوومەتی فیدڕاڵ، دیارنەبوونی دۆخی شنگال، چارەنووسێکی نادیاری بۆ ئاوارەکان خوڵقاندووە. ئەوان بیر لە گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام دەڵێن هەتا لە جیاتی خزمەتگوزاری و ئاو و کارەبا، هێزی چەکدار لە ناوچەکەدا مابێت، ئەوە ژیان ئەستەمە و ئەوەی دەشگەڕێتەوە، پەشیمان دەبێتەوە.

عيدو قاسم یەكێك لەو ئاوارانەیە كە لە ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، بە هۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر قەزای شنگال، ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە و ئێستا لە كەمپی خانكێ سەر بە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێ بووە. ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "١١ ساڵە ئێمە لە كەمپی خانكێین، ئێمە زۆر ناخۆشیمان دیوە لە ناو كەمپەكاندا. پلەكانی گەرما زۆر بەرزن، زستانیش زۆر ساردە. ئێمە لە ناو خێوەتداین. خانوومان نییە. كەس هیچ بۆ شنگال ناكات. شنگال بریندارە، شنگال مال وێرانە، ڕاست لەناو كەمپەكاندا ئەمن و ئاسایشمان پارێزراوە، بەڵام ١١ ساڵە لە چاوەڕەوانیداین كە بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان".

نەهامەتی ناو کەمپەکان و ئاوەداننەبوونەوەی شنگال ژیانی ئاوارەکانی تووشی تەنگ و چەڵەمە کردووە و لە لایەکی دیکەوە، بوونی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی دیکە، ڕێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال. لەم بارەیەوە عيدو قاسم دەڵێت: "بەداخەوە ئەوانەی كە گەڕاونەتەوە شنگالیش پەشیمان دەبنەوە و جارێكیتر دەگەڕێنەوە ناو كەمپەكان، چونکە تاوەکو ئێستاش شنگال لەڕووی ئەمنییەوە پارێزراو نییە، بەھۆی ئەو دۆخەی کە ھێزە ناشەرعییەکان لە شنگال دروستیان کردووە، ئاوارەکان بەردەوام ترسیان هەیە، هەروەها خزمەتگوزاری وەكو ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان زۆر خراپن".

عيدو قاسم زۆر حەسرەتی بینینی شنگال و ژیانی پێش ١١ ساڵ دەكات، ئەو دەڵێت: "زۆر حەز دەكەم بگەڕێینەوە شنگال، دەمانەوێت ئێمەش خانووی خۆمان هەبێت، دەمانەوێت بگەڕێینەوە شنگال، لەوێ نان و خاك بخۆین، نەوەكو لە دەرەوە بین و نان و گۆشت بخۆین. دەمانەوێت ئاشتەوایی لە نێوان پێكهاتەكان هەبێت، كۆتایی بە شەڕ و ئاژاوە لە سەرانسەری عێراق بهێنرێت، خەڵك پێویستی بە ژیانە، خودای گەورەش لەگەڵ كۆشتن نییە".

لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپی ئاوارە و پەنابەر ھەیە کە ١٥یان خەڵکی دەڤەری شنگالن. ژمارەی ئەو ئیزدیانەی کە ئاوارەن و لەناو کەمپدا دەژین ٩٣ ھەزار و ٧٧٩ کەسن کە دەکاتە ١٩ ھەزار و ٤٤٦ خێزان. ھەروەھا لە دەرەوەی کەمپ ١٨٢ ھەزار و ٦٧٢ کەس کە دەکاتە ٣٦ ھەزار و ٩٢٥ خێزان دەژین، کۆی گشتی ئەو ئاوارانە دەکاتە ٢٧٦ ھەزار و ٩٦ کەس کە دەکاتە ٥٦ ھەزار و ٣٧١ خێزان.

ئلیاس شنگالی خەڵکی کۆمەڵگای گرزەركە سەر بە قەزای شنگال، بۆ ماوەی ١١ ساڵە لە ناو یەکێک لە خێوەتەكانی کەمپی خانکێ ڕۆژئاوای شاری دھۆک ژیان بەسەردەبات. ئەو بێجگە لە نەھامەتی ژیانی ئاوارەیی، باسی كەمبوونەوەی هاوكاری ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بۆ كەمپەكان دەكات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "داواكارین ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەر هاوكارییەكان بۆ ئاوارەكانی ناو كەمپەكان بەردەوام بن. بەداخەوە وەكو پێشتر هاوكاری ئاوارەكان ناكەن، هەروەها ڕۆژ بۆ ڕۆژ ژیان لە ناو كەمپەكان سەختر دەبێت، داواکاریمان لە حکوومەتی عێراق ئەوەیە، ڕەوشی شنگال ئاسایی بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە چونكە گوندی ئێمە وێران بووە، نە ئاوی لێیە، نە كارەبا. دەبێت خزمەتگوزارییەكان بۆی بگەڕێننەوە و هەڵی كار بۆ گەنجەكان دابین بكرێت، ئینجا ئێمە بڕیار لە گەڕانەوە دەدەین".

رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش پەلاماری قەزای شنگال ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوایان دا و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی هەزارانی دیکەیش ڕفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.

مشعان بشار'ی تەمەن ٢٤ ساڵ کە دانیشتوویەکی کەمپەکەیە، باس لەوە دەكات كە ئەوان قوربانی دەستی رێكخراوی تیرۆرستی داعشن و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هیچ ئایندەیەكمان لە ناو كەمپەكان نەماوە، ئیشمان دەستناكەوێت، ژیانی ناو كەمپەكان زۆر سەختە، ساڵ نییە بە دەیان خێوەت نەسووتێن، بەردەوام ترسمان هەیە".

مەشعان بە هیوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی، دەڵێت، "بەداخەوە هەر ساڵ پێمان دەڵێن ساڵێكی تر دەگەڕێنەوە بۆ شنگال، بەڵام هیچ دیار نییە، ئەوە ١١ ساڵ درەباز بوو هەر لێرەین. داواكارین ڕەوشی شنگال ئاسایی ببێت و بگەڕێینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın