09 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2020
نەینەوا - AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە ٢٥ چەکداری سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا کوژراون.
لەوبارەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە سوپای عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هێزەکانی دژە تیرۆر بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر پاشماوەکانی داعش لە چیای قەرەچوغ سەربە قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکەدا شەڕوپێکدادان لەنێوان هێزەکانی دژە تیرۆر و ژمارەیەک چەکداری داعشدا روویداوە کە لە بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممەوە تا ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوامبوو.
باس لەوەشکراوە کە لەئاکامی شەڕ و پێکدادانەکەدا، ٢٥ چەکداری داعش کوژراون، هەروەها نۆ حەشارگەش خاپوورکراون کە ئەو چەکدارانەی داعش لە ناوچەکدا خۆیان تیایدا حەشار دەدا.
وێرای ئەوەی کە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی داعش و دەرهێنانی سەرجەم ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەو رێكخراوە راگەیاند، بەڵام هێشتا پاشماوەكانی داعش لە ناوچە جیاجیاكانی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە خۆیان حەشارداوە و ناوە ناوە هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی.