Hemin Hüseyin
18 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2016
هەولێر
رێکخراوی مانگی سووری تورکی 78 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و دەزگای ئافاد 30 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان وەکو هاوکاری و پێداویستی بۆ ئاوارەکان گەیاندە هەرێمی کوردستان و دواتر ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانە گەیشتنە کەمپی بەحرکە و بڕیارە تا رۆژی دووشەممە لە کۆگای ئەو کەمپە بمێنێتەوە و دواتر دەست بە دابەشکردنی کەلوپەل و هاوکارییەکان بکرێت و کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی حکوومەتی تورکیا، ئەمڕۆش کاروانێکی دیکەی هاوکاری گەیشتە هەرێمی کوردستان کە پێدوایستی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت.
سەرکونسوڵی تورکیا لە هەولێر، محەمەد ئاکیف ئینام لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، رێکخراوی مانگی سووری تورکی 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاوکاری گەیاندە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش پێشوازی لە کاروانێکی دیکەی هاوکاری حکوومەتی تورکیا دەکەین لە ناو ئەو هاوکارییانەی کە رێکخراوی ئافاد ناردوویەتی یەک هەزار و 500 چادری تێدایە و هەروەها 50 چادری گەورەی لۆجستیکی تێدایە و 50 دابنە کۆنتێنەری تێدایە کە بۆ خۆشۆردن و حەمام بەکاردێت و 50 کۆنتێنەر بۆ ئاودەست و 50 کۆنتێنەر بۆ وزەی خۆر، ئەو 30 بارهەڵگرەی کە مانگی سووری تورکی ناردوویەتی پێکهاتووە لە پێداویستییە گشتییەکانی کەمپ، بەشێک لە هاوکارییەکانیش بریتین لە مۆلیدەی کارەبا".
سەرکونسوڵی تورکیا گوتیشی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری کەمپەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین پێویستە چی هاوکارییەک بگەیەنینە کەمپەکان و لەماوەی رابردووشدا چەند جارێک ئەو جۆرە هاوکارییانەمان پێشکەش کردووە و دەبێ ئەوەش بزانین ئەو هاوکارییەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵە و دابەش دەکرێت بەسەر سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان".
جێی ئاماژەیە پێشتریش لە چوارچێوەی کەمپینی "مووسڵیش نیشتمانی تۆیە" لەلایەن رێکخراوی مانگی سووری تورکی، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە دوای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە ژێر دەستی داعش،٢٠ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری ھاوکاری مرۆیی گەیەنرایە ھەرێمی کوردستان.