29 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2020
بەغدا - AA
سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، عەبدولهادی سەعداوی رایگەیاند، زۆرینەی هێزە سیاسییەکان بە تایبەت هێزە سیاسییە شیعەکان کاندیدکردنی وەزیرەکانی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، رەت دەکەنەوە، لەنێویاندا وەزیری ئێستای دارایی، فوئاد حوسێن.
عەبدولهادی سەعداوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەیشی روونکردەوە کە ئەگەر لەنێو لیستی ناوی کاندیدانی وەزارەتەکان ناوی وەزیرەکانی حکوومەتی ئێستا هەبێت، ئەوا لە کاتی متمانەپێدانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، متمانەیان پێنادەن و رەتیان دەکەنەوە.
لە چەند دەزگایەکی راگەیاندنی لۆکاڵی لیستێک بەناوی ١٧ کاندید بۆ بوون بە وەزیر لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، بڵاوبووەوە کە لەنێویاندا وەزیری ئێستای دارایی، فوئاد حوسێن بۆ هەمان پۆست کاندیدکراوەتەوە.
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە کرا.
هێز و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەرکی حکوومەتی نوێی عێراق ئامادەکاریی دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتدا.
حکوومەت، بۆ بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان پێویستی بەدەنگی ٥٠+١ی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوونی ئەو دانیشتنە دەبێت کە تایبەت دەبێت بە پێدانی متمانە نەک نیوە کۆ یەکی ژمارەی گشتی ئەندامانی پەرلەمان کە ژمارەیان ٣١٩ پەرلەمانتارە.