15 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جهستن ترودۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکانیان لە عێراق، تاوتوێ کرد.
لە راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق هاتووە کە عادل عەبدولمەهدی و جهستن ترودۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خڕاوەتەڕوو کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە لەگەڵ چۆنیەتی پتەوترکردنی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و کەنەدا دژبە تیرۆر خراوەتە بەرباس.
بەپێی راگەیەندراوەکە، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە کە عێراق پەرۆشی ئەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەنەدا پتەوتر بکات و ئاماژەی بەوەیشکردووە کە گرنگە هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتیش دژبە تیرۆر بەردەوامیان هەبێت.
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندووە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات مەترسی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە دوور بخاتەوە و گرنگی بە هەوڵەکانی دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جهستن ترودۆ رایگەیاندووە کە خواستیان هەیە هاوکارییەکانیان لەگەڵ عێراقدا بەردەوامیان هەبێت، هەروەها بە گرنگی زانیوە کە هەوڵەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا یەکبخرێن.
جهستن ترودۆ ئاماژەی بەوەکردووە کە لەئێستادا گرنگە رەوشی ناوچەکە هێۆربێتەوە و کۆتایی بهێندرێت بە گرژییەکان لە ناوچەکە و گوتی: "نابێت رێگە بدرێت ناوچەکە و جیهان رووبەڕووی مەترسییەکانی جەنگ ببنەوە".
لەچوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆدا لەئێستادا، ٥٠٠ سەربازی کەنەدا لە عێراق جێگیرکراون کە ئەرکییان مەشق و راهێنانە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق.