Sarmand Hameed
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەی وەزارەتەکان، رەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و رێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای ھەڵەبجە داوە.
مەسرور بارزانی بەبۆنەی ٣٣ھەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی-دا ھاتووە: "لە سی و سێیەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری، بە رێز و شکۆوە یادی شەھیدانی ئەم تاوانە گەورەیەی رژێمی بەعس دەکەینەوە کە بە چەکی قەدەغەکراو، ھەزاران مرۆڤی بێتاوانی شەھید کرد و بە ھەزارانی دیکەش برینداربوون، کە ھەندێکیان تا ئێستاش، بە دەست ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ھەڵەبجە بووەتە ناسنامە و سیمبوڵی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە جیھاندا، بۆیە پێویستە ھەمیشە یادی شەھید و قوربانییانی ئەم تاوانە، زیندوو رابگرین و ھەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان و بریندارانی ئەم تاوانە مەزنە بکاتەوە و کاربکەین بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ھەر گەل و نەتەوە و پێکھاتەیەکی دیکە لە جیھاندا".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی مەسرور بارزانی ھاتووە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە بەرھەمی خوێنی شەھیدانە، ھەمیشە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، بە ئەرکێکی لە پێشینەی خۆی دەزانێت. لە چەند رۆژی رابردووشدا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەی وەزارەتەکان، رەزامەندیمان لەسەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و رێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای ھەڵەبجە دا".
مەسرور بارزانی ھیوای ئەوەی خواستووە کە لە داھاتوودا بتوانن خزمەتێکی شایستەتری ھەڵەبجە و ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاتووە: "سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و گشت شەھیدانی کوردستان دادەنوێنم و ھەمیشە لە یادمانن".