Sarmand Hameed
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند، ھەڵەبجە برینی ساڕێژنەبووی جەستەی نیشتمان، نە کۆن دەبێت، نە ئازاری دەبڕێتەوە.
بەرھەم ساڵح له ٣٣ھەمین ساڵیادی کارەساتی کیمبارانی ھەڵەبجەدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، بەرھەم ساڵح بە ھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی نووسیوویەتی: "ھەڵەبجە برینی ساڕێژنەبووی جەستەی نیشتمان، نە کۆن دەبێت، نە ئازاری دەبڕێتەوە".
بەرھەم ساڵح کە لەگەڵ پەیامەکەیدا وێنەی عومەری خاوەری بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "ھەڵەبجە گوڵی سووری سەرسنگی کوردستان، تۆماری مەینەتی خەڵکی عێراق و مرۆڤایەتییە، و دەیسەلمێنێت زوڵم ناچێتە سەر و تاوانکارانیش ھەر دەبێ بە سزا بگەن".
لە کۆتاییدا، سەرکۆماری عێراق نووسیوویەتی: "ھەڵەبجە ناسنامەی ناو دڵمانە، و با خزمەتکردنی لە درووشمەوە بێتە کردار".
لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، لە کۆتا رۆژەکانی جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا، رژێمی پێشووی عێراق شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی بۆردوومان کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسی دیکە برینداربوون.