وەزارەتی نەوتی عێراق: "ئامادەین ٣٠٠ ھەزار بەرمیل لە ڕێگای بۆڕی ھەرێمەوە ھەناردەی بەندەری جەیھان بکەین"
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئامادەیی نیشانداوە یۆ هەناردەکردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ئێستا ڕەتی دەکاتەوە دەست بە هەناردەکردنی بکات.
Arbil
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە ئامادەن، ٣٠٠ ھەزار بەرمیل لە ڕێگای ھێڵی بۆڕی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەناردەی بەندەری جەیھان بکەن.
وەزارەتەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە کە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم پێشتر ئامادەیی نیشانداوە یۆ هەناردەکردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ئێستا ڕەتی دەکاتەوە دەست بە هەناردەکردنی بکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای گرژییەكان لە ناوچەکە، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای ھێڵی بۆڕی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیھان، ئەمەش جگە لەو بڕە نەوتەی پێشتر لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە دەکرا و بڕەکەی لانیکەم ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە کە توانای گواستنەوەی بۆرییەکە، دەگاتە نزیکەی ٩٠٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە ئێستادا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی خاوی ڕەت کردووەتەوە و چەندین مەرجی داناوە و ھاتووە: "ئێمە لەلای خۆمانەوە ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە دەتواندرێت دواتر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە بکرێت، چونکە دواکەوتنی ھەناردەکردنی نەوت، عێراق لە ھەندێ داھاتی دارایی بێبەش دەکات، بەتایبەتیش کە ئێستا ھەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشوورەوە وەستاوە".
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو: "داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و بەپێی دەستوور و یاسای بوودجە، دەست بە ھەناردەکردن بکاتەوە".
