عێراق

هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی ھەولێر کرایەوە و ٣٥ گەڕەک لێی سوودمەند دەبن

- سەرچاوەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە، زێی گەورەیە و بە چوار ھێڵ ئاوەکە دەگوازرێتەوە ناو سنووری سێ شارەوانی هەولێر و ٣٥ گەڕەک لە خۆ دەگرێت و لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٢٠ ھەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات.

Heman Hussein Yaseen  | 20.07.2025 - نوێکردنەوە : 21.07.2025
هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی ھەولێر کرایەوە و ٣٥ گەڕەک لێی سوودمەند دەبن

Arbil

هەولێر - AA

لە ڕێوڕەسمێکدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێری کردەوە و، بڕیارشە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە بە گشتی تەواو ببێت.

ئاوی ھێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش کە گەڕەکەکانی ھەشتی حەسارۆک، بنەسڵاوە، فەرمانبەران، هیران ستی، دارەتوو، قەتەوی، باغلومنارە، ژیان و چەند گەڕەکێکی دیکەی سنووری ئەم سێ شارەوانییە دەگرێتەوە و پڕۆژەکەش بە گوژمەی نزیکەی ٤٨٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەکە ٢٠ ھەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا بەرهەمدەهێنێت، کە دەکاتە ٤٨٠ ھەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا بەمەش دەتوانێت ڕووماڵی سەرجەم گەڕەکەکانی هەولێر بکات و دەبێتە هۆی ڕاگرتنی ٢٠٠ بیری ئاو لە قۆناغی یەکەم و ٥٠٠ بیری ئاو لە قۆناغی دووەم و بە گشتی هەزار و ٣٠٠ بیری ئاو لە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە.

لە ھەولێر سێ پڕۆژەی ئاو ھەیە کە بریتییە لە ئیفراز یەک، دوو و سێ، ھەر سێ پڕۆژە لە یەک کاتژمێردا، ھەزار و ٣٠٠ مەتر سێجا ئاو بۆ شاری ھەولێر دابین دەکەن و، بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوازیش تێکڕای دابینکردنی ئاو دەبێتە زیاتر لە ٢٠ ھەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا.

پڕۆژەی فریاگوزاری، بەرھەمھێنانی ئاوی لە سەدا ٦٠ بۆ ٧٠ی لە ئاوی ئیفراز زیاترە، سەرچاوەکەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە، زێی گەورەیە، لە نزیک ناحیەی کەورگۆسک وەرگری ئاوەکە دروست کراوە، دواتر بە دوو ھێڵی ھەزار و ٦٠٠ مەتری لە جۆری کاربۆن ستیل ئاو دەگوازێتەوە بۆ ناو وێستگەی پاڵاوتن لە نزیک گوندی گاینج، لەوێش دوو پڕۆژەی گەورە و دوو وێستگە ھەیە لەیەک شوێن، ھەر وێستگەیەک ١٠ ھەزار لتر ئاو بەرھەمدەھێنێت، لەم دوو وێستگەیە ھەر کاتێک یەکێکیان کێشەی ھەبێت ئەوەی دیکە کار دەکات، ئاوەکە بە گوێرەی ستاندەراتی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی دەپاڵێورێت و، ئینجا بە دوو بۆڕی دوو مەتر و نیو، ئاوەکە دەگوازرێتەوە تا کۆمەڵگای سێبیران لەسەر شەقامی ١٥٠ مەتری و، لەوێ وێستگەیەکی دیکە ھەیە، کە بڕی ١٠٠ ھەزار مەتر چوارگۆشە ئاو لەخۆدەگرێت، پاشان لەوێ بە چوار ھێڵ ئاوەکە دەگوازرێتەوە ناو شاری ھەولێر.

​​​​​​​بە گشتی ئاوەکە لە زێی گەورە وەردەگیرێت و دەگاتە بەشێک پێی دەڵێین (نیشتەنی) کە چوار حەوزی گەورەن و بەشێک لەو خڵت و خاڵانەی ھەیە لەوێ دەنیشێت، دواتر دەچێتە شوێنێکی دیکە و لەوێ ماددەی کیمیایی تێدەکرێت و ئەمەش وا دەکات ئەو قوڕ و لیتەیەی ھەیە ھەمووی بنیشێت و سەدا ٩٩ی ئاوەکە پاک دەکاتەوە، دواتر ئاوەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکە کە بە فلتەردا تێدەپەڕێت و بەمەش سەدا ١٠٠ی ئاوەکە پاک دەبێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ بەکارھێنان، ھەروەھا بەر لەوەی بچێتە حەوزەکانی دابەشکردن، ئەوا ماددەی کلۆری تێکەڵ دەکرێت، ئەم ماددەیە بۆ پاراستنی ئاوەکەیە بۆ ئەوەی کاتێک بەناو بۆڕییەکاندا دەروات ھیچ کێشەیەکی نەبێت، ئەگەریش کێشەیەکی ھەبێت ئەم کلۆرە ھەمووی پاک دەکاتەوە و ھەر ماددەیەکی بایۆلۆجی ھەبێت، لەناوی دەبات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن