عێراق

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ کێڤن لێیھی جەختیان لەوە کردەوە کە ھێشتا داعش ھەڕەشە و مەترسییەکی جددییە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و سووریا.

Zana Natık Kerem  | 14.07.2025 - نوێکردنەوە : 14.07.2025
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆكی هەرێمی كوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ کێڤن لێیھی ڕایانگەیاند کە گرنگە ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەوتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەردەوام بن.

سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کردووە لە فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ کێڤن لێیھی و کۆبوونەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و جووڵەکانی داعش لە عێراق و سووریا، تاوتوێ کراون.

باسی لەوەش کردووە، ھەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ھێشتا داعش ھەڕەشە و مەترسییەکی جددییە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و سووریا و لەوبارەیەوە داکۆکییان کردووە لە گرنگیی بەردەوامیی ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەوتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یارمەتیدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر دووپات کردووەتەوە، ھەروەھا ستایشی ڕۆڵ و ھەوڵەکانی جەنەراڵ کێڤن لێیھی کردووە بەتایبەتی بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆخی سووریا و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان، و جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın