Hawkar Yaseen
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی رایگەیاند، هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت و دۆخی بەغداش کاریگەریی نەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان.
هێمن هەورامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بابەتی کۆمیسیۆن بابەتێکی هەستیارە لەبەرئەوەی بۆشایی یاسایی هەیە، ئەم کۆمیسیۆنە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ماوەی بەسەرچووە، پێشتر چوار کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان کراوە داوامان کردووە و ئێستاش جەخت دەکەینەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەنێو خۆیاندا رێکبکەون، چونکە ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە لێکتێگەیشتن و سازان هەبێت لە بابەتی کۆمیسیۆن لەبەرئەوەی بۆشایی یاسایی هەیە و کاتی هەڵبژارنەکانیش نزیک بووەتەوە و کاتێکی ئەوتۆمان لەبەردەست نەماوە، دەبێت لایەنە سیاسییەکان رێز لەو کاتە دەستوورییانە بگرن و رێکبکەون لەسەر ئەوەی میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆئەوەی کۆمیسیۆن متمانە وەربگرێتەوە، ئینجا چ ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستابێت و بۆشاییەکانی پڕبکرێتەوە یان یاسای کۆمیسیۆن هەمواردەکرێتەوە و دادوەر دەهێنن، هەرشێوازێک بێت گرنگ ئەوەیە فراکسیۆنەکان لەنێو خۆیاندا رێکبکەون ئێمە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەوە جێبەجێ دەکەین".
گوتیشی: "بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە کات کراوە نییە لەبەرئەوەی رۆژی شەشی تشرینی دووەم ماوەی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان کۆتایی پێدێت، بۆیە هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو رێککەوتنە بێتە ئاراوە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی لە وەڵامی ئەوەی لە دەرئەنجامی ئەو دۆخەی دروست بووە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی چی لێدێت، ئەو رێککەوتنەی کە بڕیاربوو ئەنجام بدرێت بەکوێ دەگات رایگەیاند "پارتی و یەکێتی دوو هێزی گەورە و بەرپرسن لەم وڵاتە، شەریکن لە حکومڕانی، راستە رەنگە جیاوازی هەبێت لە بیروبۆچوون، بەڵام ئەم وڵاتە بەبێ شەراکەتی پارتی و یەکێتی بەڕێوەناچێت، بۆیە هەردوولایان مەحکومن بەوەی سەرەرای جیاوازییەکان و سەرەرای ناکۆکییەکان، بەڵام دەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی چاکسازی و پاراستنی هەرێمی کوردستان لەو ئاڵنگارییانەی رووبەرڕوومان دەبێتەوە هاوکار و هاوبەش بین، ئەمەش روحی رێککەوتنەکانە، واتە رێککەوتنەکە ماوە، بەڵام رەنگە دەقەکەی و کاتەکەی پێویست بە تازەکردنەوە بکات".
هێمن هەورامی گوتی: "ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە بەرئەنجامی هەڵبژاردنێکە کە کراوە، بەرئەنجامی رێککەوتنێکی نووسراوی نێوان پارتی، یەکێتی، گۆڕان، پێکهاتەکان و لیستی سەردەمە، بەمە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردراوە و بەمە سەرۆکایەتی حکوومەت و وەزیرەکان پێکهێندراوە، پۆستەکانی بەغدا هیچ پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، نابێت نە دۆخی بەغدا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان بکات نە بە پێچەوانەوە، ئێمە ئاگاداری هیچ رێککەوتنێک نین کە پۆستەکانی بەغدا تاپۆبن لەسەر لایەنێک یان پۆستەکانی هەرێم، پۆست تاپۆ نییە لەسەر هیچ کەس و لایەنێک".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا دەربارەی ئەوەی لە پرسی سەرکۆماردا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە جۆرک لە جۆرەکان تێکچوو، تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەم دوولایەنە کاریگەریی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدا یەکێتی یەکێکە لەو لایەنانەی داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات گوتی: "هەموو ئومێد و هەولێکمان بۆئەوەیە ئەوەی لە بەغدا روودەدات کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبێت، چونکە دواجار پابەندی یاسایی و دەستووریی هەیە بۆئەوەی هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیدا بکرێت، هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی چ بابەتی سەرکۆماربێت یان بابەتی پێکهاتەکانی حکوومەتی عێراق بێت، بۆشاییەکی یاساییمان هەیە هی کۆمیسیۆنە، هەندێک لەلایەنەکانیش داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەن، بزانین پرۆژەی ئەو لایەنانە بۆ هەمووارەکە چییە، بە گفتۆگۆکانی ناوپەرلەمان دەگەینە رێککەوتن یان نا، بەڵام زۆر گرنگە بۆ دیموکراسیی هەرێم بۆ رەوایەتی دانەوە بە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ دەنگ و رەنگی جیاواز، هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیدا بکرێت".