Zana Natık Kerem
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
بە بەشداری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و بەرپرسانی حکوومی و حزبی، ھەروەھا کەسوکاری شەھیدان، رێوڕەسمی ١٨ەمین ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوبات لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
لە میانی رێوڕەسمەکەدا، ھەریەک لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتی شەھیدان دانا.
ھاوکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، پەیامێکی لەبارەی ١٨ەمین ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوبات بڵاوکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی نووسیوویەتی "بەڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی نەمری یەکی شوبات دەکەینەوە و سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکیان دەنێرین".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "کاروانی تێکۆشان و خزمەتی ئەو پۆلە سەرکردە و دڵسۆزانەی بوونە قوربانیی دەستی رەشی تیرۆر بۆ ھەمیشە بەردەوامە، با یادیان ھاندەری پێکەوەیی، تەبایی و یەکڕیزیمان بێت".
لە یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤دا کە هاوکاتبوو لەگەڵ رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان، ھەر دوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر کرانە ئامانجی کردەیەکی تیرۆریستی و لەئاکامدا، زیاتر لە ١٠٠ سەرکردەی سیاسی هەر دوو حزبەکە و خەڵکی سڤیل شەھیدبوون.