Heman Hussein Yaseen
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2022
هەولێر - AA
رێکخراوی سپارک-ی هۆڵەندی بە هەماهەنگیی حکوومەتی هۆڵەندا و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بۆ داڕشتنەوەی پلانێکی نیشتمانیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی و توندوتیژی لە کوردستان دەکات.
گفتوگۆکە ئەمڕۆ سێشەممە، بە بەشداریی جێگری کۆنسولی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی سەرۆکایەتی حکوومەت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک وەزارەتی پەیوەندیدار دەستی پێ کرد و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی بابەتەکە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ دەرەنجامی گفتوگۆکە دەربڕی و ئامادەیی پەرلەمانی کوردستانی نیشان دا بۆ پاڵپشت و هاوکارییکردنی دەرەنجامی گفتوگۆکە و گوتی:
"وەکو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان، هیواخوازین لەم سێ رۆژەدا و دواتر بە راپۆڕتێک دەرەنجامی کار و چالاکییەکان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەوەندەی پەیوەندی بە بابەتی یاسادانان یان هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە پێویست دەکات لە پڕۆسەی چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت بۆ بەهێزکردنی گیانی تەبایی و گفتوگۆکردن لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا هەبێت، ئەوا پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە".
هێمن هەورامی گوتیشی: "دەبێت زۆر بەڕوونی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین کە بابەتی توندوتیژی و توندڕەوی بابەتێکی بەردەوامە، ئەگەر ئێمە بەراوردێک بکەین لەنێوان توندڕەوی و تیرۆریزم، ئەو جۆرە پەتایەی کە هەیە و ئەو جۆرە ڤاکسینەی کە دادەندرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە، رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیش پێویستی بە چەندین جۆری ڤاکسین هەیە، ڤاکسینی هەرە گرنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، رووبەڕووبوونەوەی فکر و بیری توندوتیژییە، هەموو دامەزراوەکانی پەروەردەکردن چ لە خێزان و چ لە دامەزراوەکانی پەروەردە، دامەزراوە ئایینییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن، هەموو ئەوانە دەتوانن بەشدارێکی چالاکبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندوتیژیی".
هاوکات بەڕێوەبەری رێکخراوی سپارک ئاماژەی بەوە کرد کە سەدا ٥٠ی کۆمەڵگا گەنجن و هەوڵدەدەن کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەویی بکەن و سوود لە توانای گەنجەکان وەربگرن و جەختیشی لەوە کردەوە حکوومەتی هۆڵەندا پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی پڕۆژەکەیان دەکات.
بەڕێوەبەری رێکخراوی سپارک، رەهێڵ عەزیز قەرەداغی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم پرۆگرامەدا، ئەم کۆمەڵە شارەزایە کۆدەبنەوە بۆ داڕشتنی بەردی بناغەی ستراتیجییەتی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بەتایبەت لەناو گەنجان، بێگومان ئەم پڕۆگرامە لەلایەن حکوومەتی هۆڵەندا پاڵپشتی ماددی و مەعنەوەی دەکرێت، لەم چەند رۆژەی داهاتووشدا، ماستەرپلانێک پێشکەش بە چەند وەزارەتێکی حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دەکەین".
رەهێڵ عەزیز قەرەداغی گوتیشی: "گەنج لەسەدا ٥٠ی دانیشتووان پێکدەهێنن و ئەگەر ئاراستە نەکرێن و سوود لە توانایان وەرنەگیرێت، ئەوا رەنگە ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی، بۆیەش پێکەوە دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجییەتێکی هەمەچەشن".
لەبارەی جۆرەکانی توندوتیژی و کارکردن لەسەر کام جۆری توندوتیژی، رەهێڵ عەزیز قەرەداغی گوتی: "جۆرەکانی توندڕەوی وەک توندوتیژیی سیاسیی، ئایدۆلۆجیای ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەموو فۆڕمەکانی تێدایە، بێگومان شێوازەکەی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، لێرە باسی هەموو جۆرەکانی دەکرێت و وەزارەتەکان بڕیار دەدەن کە چارەسەرکردنی کامە جۆری توندڕەوی لە ئەولەویەتی کارەکانییان دەبێت".
هەروەها یەکێک لە بەشداربووان رایگەیاند کە دوو راهێنەری نێودەوڵەتیی بەشداری گفتۆگۆکان دەکەن و ئەزموونی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە سوود لە ئەزموونی راهێنەرەکان وەردەگرن و دەیگوازنەوە بۆ مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندن.
نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەعید حەمەدئەمین بناوی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی دەکرێت و کۆمەڵگای ئێمەیش شوێنکە نزیکە لە رووداوەکان، ئەمڕۆش لەم پڕۆگرامەدا دوو راهێنەری نێودەڵەتییان هێناوە و نوێنەری وەزارەتەکان و پەرلەمان بەشدارن، ئەم راهێنەرانە ئەزموونەکانیان دەگوازینەوە، ئێمەیش وەکو نوێنەری وەزارەتی پەروەدە هەموو ئەوانەی باسی دەکرێت، دەیکەینە پڕۆژە و پلان و دەیگوزاینەوە بۆ مامۆستایان".
سەعید حەمەدئەمین گوتیشی: "لە وەزارەت کار لەسەر ئەوە کراوە هەوڵبدرێت تاکێکی وا دروست بکرێت کە جیاوازی قبوڵ بکرێت و بابەتێک کە زیادکراوە بابەتی بەها کۆمەڵایەتییەکانە کە زۆر باسی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی و ئەو بابەتانە کراوە کە بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دەبێت".
رێکخراوی سپارک سەربە وڵاتی ھۆڵەندایە و گرنگی بە بواری خوێندنی باڵا و ھاوکاریکردنی پەنابەران و پێشکەیشکردنی ھاریکاری و کۆمەک بۆ دەستپێشخەری ھەلی کار دەدات بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە جەنگیان بەخۆوەبینیوە بە مەبەستی پێشخستنی کۆمەڵگا بەرەو ئاشتی و ئاوەدانیی و سەقامگیریی.