Mazın Asad
12 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
ئادانا – AA
سەرۆکی گشتیی جەهەپە کەمال کڵچدارئۆغڵو بانگەوازی بۆ حکوومەتی ئاک پارتی کرد و گوتی: "ئەگەر کۆماری تورکیا نەتوانێت وەزیرێکی بنێرێتە کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکەی لە هۆڵەندا و ئاستەنگی بخرێتە پێش، تکایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا هەڵپەسێرن. بەهەموو جۆرێک پشتگیری ئەوە دەکەین".
کڵچدارئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە میتینگی پارتەکەی لە ئادانا گوتارێکی پێشکەش کرد.
کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی بەهێز و گەورەیە، گوتی: "لە دیپلۆماسییەتدا رێسایەک هەیە پارێزبەندی دیپلۆماتی هەیە بۆ وەزیرەکان. وەزیرەکانمان وەزیرانی کۆماری تورکیان، کاتێک لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا رێگەیان لێ دەگیرێت ئەوە قبووڵ ناکرێت. وەکو جەهەپە لە بەرامبەر ئەوەدا هەموو کاردانەوەیەک نیشان دەدەین. ئێستا بەروون و ئاشکرا بانگهێشتی حکوومەت دەکەم. ئێستا بانگەوازێکی روون و ئاشکرا دەکەم بۆ حکوومەت. بە قسە کەشتی پەنیر ناڕوان بەڕێوە (پەندێکی تورکییە). ئەگەر وەزیرێکی کۆماری تورکیا رێگری لێبکرێت لە چوونی بۆ هۆڵەندا، ئەگەر وەزیرێکی تورکیا نەتوانێت بچێتە ناو سەرکۆنسوڵگەریەکەیەوە لە وڵاتێکداو رێگریان بۆ دروست کرد، ئەوا تکایە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا هەڵپەسێرن. تکایە هەڵیپەسێرن. هەموو پشتگیرییتان دەکەین".
کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بە ئاستەنگ دروستکردن بۆ وەزیرەکانی تورکیا لە ئەڵمانیاش کرد و گوتی: "بانگەوازێکی ئاشکرا بۆ حکوومەت دەکەم کە ئەگەر ئەڵمانیا نەھێڵێت وەزیرەکانمان بۆ ئەڵمانیا بچن، ئەی سەربازانی ئەڵمانیا چ کارێکیان لە ئینجەرلیک ھەیە؟ جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە کە ئەگەر گوێیان لێ نییە، با گوێ بگرن. ئەگەر نەھێڵن وەزیرەکانی کۆماری تورکیا بۆ ئەڵمانیا بچن و نەھێڵن بۆ کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانمان بچن، ئەی سەربازانی ئەڵمانیا چ کارێکیان لە ئینجەرلیک ھەیە؟ وەک ئیسرائیل نەبێت، وەک رووسیا نەبێت. دواتر داوای لێبووردن نەکەین. ئەگەر قسەیەک دەکەی وەک پیاو لە پشتی بوەستە. بەم شێوەیە ئاشکرایە. ئێمە ئامادەی ھەموو جۆرە پشتگیرییەکین. بە گشت پەرلەمانتارانمان گوت کە 'بۆ دەرەوەی وڵات مەڕۆن'. نامانەوێت لەکاتی قسەدا وڵاتێکی گەورە و لەکاتیشدا داوای لێبووردن بکەین. تورکیا وڵاتێکی گەورەیە، بۆیە دەبێت یاساکانی وڵاتی گەورە بێنێتەجێ. پێویستە پابەندی ئەمە بین. ئەمە بانگەوازی روون و ئاشکرامە. ئەمە بانگەوازمە بۆ دەسەڵات".