Mazın Asad
12 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
کۆجائێلی - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵە پرۆژەیەک لە شاری کۆجائێلی کرد و گوتارێکی پێشکەش بە ھاووڵاتیان کرد.
ئەردۆغان گوتی: "لێرەوە داوا لە بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا و گشت دەزگاکانی نێودەوڵەتی دەکەم کە بەرگری لە دیموکراسی، مافی مرۆڤ و یاسا دەکەن، دەنگیان دژی ھۆڵەندا بەرز بکەنەوە و ھاوکات سزای بەسەردا بسەپێنن".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی سکانداڵی دیپلۆماسی ھۆڵەندا رایگەیاند: "لە یاساکانی نێودەوڵەتی، باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان خاکی ئەو وڵاتەن. واتا لە ئێستادا باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی تورکیا لە ھۆڵەندا خاکی ئێمەیە. بیردەکەنەوە کە دەرگا ناکەنەوە. ناھێڵن کۆنسوڵ بۆ دەرەوە بچێت و ناھێڵن وەزیرمان بۆ ئەوێ بچێت. کێ ئەمەی کرد؟ ھۆڵەندا. کێیە ئەمە؟ ئەندامی یەکێتی ئەورووپا. ھەر شوێنێکت یەکێتی ئەورووپا بێت، چی روودەدات؟ تۆ سەرەتا فێری یاساکانی نێودەوڵەتی ببە. دیموکراسی چییە فێری ببە. لەکاتێکدا وانەی دیموکراسی بە تورکیا دەدەن، ئێوە سەرەتا فێری ئەمە ببن".
ئەردۆغان گوتیشی: "بانگەواز بۆ برایانی ھاووڵاتییە ھۆڵەندییەکان لە ھۆڵەندا دەکەم. ئێوە دەزانن چی دەکەن وا نییە؟ دەزانن چی پێویست بێت دەیکەین؟ لە ئێستادا ھاووڵاتیانمان لە ھۆڵەندا لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن چاودێریمان دەکەم. وڵاتانی ئەڵمانیا، بەلجیکا و ئیسکاندیناڤیا چاودێریمان دەکەن. بانگەوازی بۆ گشتیان دەکەم. دەزانن کە چی دەکەن؟ چی کارێک بەرامبەر بە دوژمنانی تورکیا و سەرکۆمار دەکەن؟ ئەوان باش ھەڵسەنگاندن دەکەن و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ دەدەن".
سەرکۆماری تورکیا لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتیشی: "ماوەیەکە لە گشت وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەتیش لە ئەڵمانیا رووبەڕووی ھەمان زەحمەتی بووینەتەوە. ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ھۆڵەندا روونکردنەوەی دا و گوتی 'پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا چاک دەکەینەوە'. چی چاک دەکەیتەوە، بوەستە جارێ. تۆ ھێشتا باجت نەداوە، بوەستە. سەرەتا باجی ئەمە دەدەیتەوە".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "ھۆڵەندا وەک وڵاتێکی یاسایی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ھەڵسەکەوتی نەکردووە، بەڵکو وەک کۆمارێکی مۆز ھەڵسوکەوتی کردووە. ساڵانێکە خۆیان ئامۆژگاری لەبارەی مافی مرۆڤ، یاسا و دیموکراسی بە تورکیا دەدەن، کەچی گشت جیھان بینی کە خۆیان چەندە لەم بەھایانە دوورن. ئێستاش ھەوڵ دەدەن شتێک بۆ ئەو بێ رەوشتییە بدۆزنەوە. ھەرچییەک بکەن با بیکەن، ناوی ئەم کارە سکانداڵە. ھۆڵەندا بێگومان باجی ئەم بێ رەوشتییە دەداتەوە".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی سکانداڵی دیپلۆماسی ھۆڵەندا رایگەیاند: "لە ئێستادا ئێمە خۆڕاگرین و بە ئارامی روو لەم کارە دەکەن و لێیان دەپرسینەوە. بەم شێوەیە لێرەدا نامێنێتەوە. لە رووداوەکەی ھۆڵەندا، دیپلۆماسی، یاساکانی نێودەوڵەتی و رەوشت خرایە ژێر پێ. دەنگ لە ئەورووپا بەرز دەبێتەوە؟ بەرز نابێتەوە. بۆچی؟ ئەمانە گەزە لە یەکتر نادەن، ھەمان شتن".
ئەردۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "بە تاکڕەوی و تاکڕەوییەوە گرتوویانە... لە حەوت ھەڵبژاردن شکستت ھێنا، ھێشتا لەسەر پارتەکەت وەستاوی. تۆ تاکڕەوی. ئەی وانییە؟ ئەگەر تۆ رێزت بۆ ئیرادەی لایەنگرانی پارتەکەت ھەبێت، دەبێت وازبھێنیت و بڕۆیت. ئەگەر رێزت بۆ بەرپرسانی پارتەکەت ھەبێت، ئەوا پێویستە وازبھێنیت و بڕۆیت. ئەو دەنگانەی وەرتگرتووە، روونە. ھێشتا لەسەر پارتەکەت وەستاوی. لە رۆژئاوا ئەگەر سەرۆکی پارتێک لە ھەڵبژاردنێک یاخود لە دوو ھەڵبژاردن شکست بھێنێت و بدۆڕێت، ئەوا یەکسەر دەستلەکار دەکێشێتەوە، بەڵام ئەمە رەوشتێکی لەو جۆرە نییە. لەم کارە نازانێت، زوو یان درەنگ کەمال نامێنێت".