Tevfik Durul,Derya Gülnaz Özcan
10 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
ئەسینا - AA
رۆژنامەنووسی هۆڵەندی، ئینگبۆرگ بیگڵ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی و لە پەخشی راستەوخۆدا، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس بە "درۆکردن" تۆمەتبار کرد.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس دوای ئەوەی لە کۆشکی ماکسیمۆ لە شاری ئەسینا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک رووتە کۆبووەوە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گرژی لەنێوان کیریاکۆس میتسۆتاکیس و ئینگبۆرگ بیگڵ دروست بوو ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەو رۆژنامەنووسە هۆڵەندییە بە سەرۆکوەزیرانی یۆنانی گوت: "لە بارەی ناردنەوەی پەنابەران و رەوشی پەنابەرانی یۆنانەوە کەی واز لە درۆکردن دەهێنن؟ تکایە سووکایەتی بە من و بە هزری هەموو رۆژنامەنووسانی جیهان مەکەن".
بیگڵ بانگەشەی ئەوەشی کرد کە دەربارەی ناردنەوەی پەنابەران بەشێوەیەکی نایاسایی، بەڵگەیان لە بەردەستدایە و گوتی: "ئێوە بەردەوامن لە درۆکردن و رەتکردنەوەی راستییەکان. ئەمە قۆرخکارییەکی خۆپەرستانەیە. بۆچی بەڕاستگۆیانە مامەڵە ناکەن؟ بۆچی ناڵێیت 'بڕۆکسل ئێمەی بەتەنها جێهێشت، شەش ساڵ چاوەڕێمان کرد کەس هیچی نەکرد. پێویستە پەنابەران لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ بکەین، بەڵام ئەوان ئەم کارە ناکەن و ئێمەش بێبەزەییانە پەنابەران دەنێرینەوە'؟ بۆچی وازتان هێنا لە لێدانی دەرگای بڕۆکسل؟"
کیریاکۆس میتسۆتاکیس لە وەڵامی ئەم تۆمەتبارکردنەدا گوتی: "لەوە تێدەگەم کە ئێوە لە هۆڵەندا بەشێوەیەکی راشکاو پرسیار لە سیاسەتمەداران دەکەن، بەڵام قبوڵی ناکەم لێرە سووکایەتی بە من و گەلی یۆنان بکەیت".
سەرۆکوەزیرانی یۆنان بانگەشەی ئەوەشی کرد کە هەزاران کۆچبەریان لە دەریادا رزگار کردووە و بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپاش رێگرییان لەو بەلەمانەی کۆچبەران کردووە کە لە تورکیاوە بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە یۆنان.