Mehmet Hatipoğlu
24 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2015
ئەسینا
سەرکۆماری فەڕەنسا، فڕانسوا ئۆلەند لە سەردانێکی بۆ ئەسینا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ئالێکسز چیپراس کۆبووەوە و دواتر کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی قەیرانی پەنابەران و بابەتی قبرس ساز کرا.
ئۆلەند ئاماژەی بەوە دا یۆنان لەبارەی قەیرانی پەنابەرانەوە بارگرانییەکی زۆری ئەورووپای لە ئەستۆ گرتووە و راشیگەیاند کە یەکێتی ئەورووپا ئاژانسی پشکنینی سنووری یەکێتی ئەورووپا (فرۆنتێکس) لە ئیجە بەھێزتر دەکات و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی یۆنان.
سەرکۆماری فەڕەنسا روونی کردەوە کە کێشەی پەنابەران تەنھا کێشەی یۆنان نییە بەڵکو کێشەی گشت وڵاتانی ئەورووپایە و ئاشکراشی کرد کە لوتکەی یەکێتی ئەورووپا لە بروکسل پلانێکی لەوبارەیەوە دیاری کردووە و پێویستە ئەو پلانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەشار ئەسەد ھێرش دەکاتە ھاووڵاتییانی و بەمەش لێشاوی نوێی پەنابەران دێنێتە کایەوە و راشیگەیاند یەکێتی ئەورووپا چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا دەوێت، بەڵام پێویستە بە ھەر شێوەیەک بێت ئەسەد لە دەسەڵات نەمێنێتەوە.
ئۆلەند لە درێژەدا گوتیشی: "لێرەدا پێویستە چارەسەرێکی سیاسی ھەبێت، بەڵام وەک مەرجێکی پێشەکی نابێت رژێمی ئەسەد بەردەوام پێشنیار بدات. ئەم رژێمە خۆی کێشەکە دروست دەکات. ئەسەد پێویستە ھێرشەکانی بوەستێنێت کە دەبێتە دروستبوونی لێشاوی نوێی پەنابەران. دیالۆگمان دەوێت بەڵام دەبێت لەسەر بنەما و ئامانجی روون بێتە ئاراوە. پێویستە بەرەنگاری داعش بینەوە. ھاوکات پێویست بە ھەماھەنگی وڵاتان ھەیە بۆ تێپەربوون بۆ قۆناغێکی سیاسی. لەوبارەیەوە پشتگیری لە دەستپێکردنی قۆناغی دیالۆگی سیاسی دەکەین، بەڵام پێویستە بە ھەر شێوەیەک بێت ئەسەد لە دەسەڵات نەمێنێتەوە".
لە لایەکی ترەوە سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ئالێکسز چیپراس ئاماژە بە سەردانەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنجێلا مێرکڵ بۆ تورکیا دا و لەوبارەیەوە گوتی: "سەردانێکی بە بایەخ و مایەی قبوڵکردنە. تورکیا بە تەواوی لەگەڵ تورکیا رێکدەکەوێت. باوەڕ دەکەین ئەم رێککەوتنە بە بەڵێن و ئەنجامی باشی لێ دەکەوێتەوە".
چیپراس جەختی کردەوە کە تەنھا بە گۆڕینی ئاراستەی پەنابەرانی ئەورووپا بۆ کەنارەوانی یۆنان و تورکیا سەرکەوتن لەوبارەیەوە بەدەست دەھێنرێت.