Muhammet Ali Kemal
26 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2017
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزی ئاسمانیی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر هەریەک لە چیاکانی شنگال و کاراچۆغ، رایگەیاند ''ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای تورکیا لە شنگال و کاراچۆغ و ئەوانە ئەنجامیداوە، بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنێک نییە دژی پێشمەرگە. پێشتر زانیاریی دراوەتە بەڕێز بارزانی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزی ئاسمانیی سوپای تورکیا بۆسەر هەریەک لە چیاکانی شنگال و کاراچۆغ، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ''ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای تورکیا لە شنگال و کاراچۆغ و ئەوانە ئەنجامیداوە، بە دڵنیاییەوە ئۆپەراسیۆنێک نییە دژی پێشمەرگە. پێشتر زانیاریی دراوەتە بەڕێز بارزانی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەکردەوە لە ٤٠ خاڵدا کە چەک و تەقەمەنی پەکەکەی لێبووە و مایەی هەڕەشە بووە بۆسەر تورکیا، پێویست بووە هیچ کەسێک بوونی نەبێت، ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا و رووسیا پێشتر لە ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارکراونەتەوە و بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکانیش، دووبارە زانیارییان دراوەتێ.
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند ''لە رێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە کە لەماوەی نزیکەی ٤٥ خولەکدا ئەنجامدرا، لەسەدا ١٠٠ی ئەو خاڵانە کرانە ئامانج، بەڵام زانیاریی ئەوەمان پێگەیشت کە لەو نێوەندا ٥-٦ پێشمەرگە مردوون. بە دڵنایییەوە ئەمە بابەتێکی جێگەی خواستی ئێمە نییە بەڵام بابەتێکی لەوجۆرە بووە جێگەی باس. بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی پێشتر زانیارییان دراوەتێ، ئەوەی کە ئەو ئەنجامەی لێکەوتەوە، بووەتە مایەی نیگەرانیی ئێمە''.
- ''تا ئەو کاتەی دوایین تیرۆریست لەناودەبرێت بەرەنگاریمان بەردەوام دەبێت''
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپەراسیۆنەکان درێژەیان دەبێت یان نا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند:
''بە دڵنیاییەوە، ئێمە هەمیشە دەیڵێین، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەوێ، تا ئەو کاتەی دوایین تیرۆریست لەناودەبرێت، ئەم بەرەنگارییەمان لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبێت. لە هەریەک لە قەندیل، باکووری سووریا و باکووری عێراق بەردەوام دەبێت. بۆ نموونە لە ئێستادا شنگال بۆ ئێمە، پێشتریش گوتوومە، قەندیلی دووەمە. ئێمە رێگە بە درووستبوونی قەندیلی دووەم نادەین چونکە لەوێ نزیکەی ٢ هەزار چەکداری پەکەکەی لێیە. ئێمە رێگە بە درووستبوونی شتێکی لەوجۆرە نادەین. ئەگەر بێت و رێگە بدەین، ئەوا سبەی ئەوێ دەبێتە مایەی هەڕەشە. ناچارین کە رێوشوێنی خۆمان بگرینە بەر. ئەگەر ئێمە زۆنگاوەکە وشک نەکەین، ئەوا کە بەتەواوەتی بووە زۆنگاو، وشککردنی مەحاڵ دەبێت. لەبەر ئەوە ناچارین هەنگاو بهاوێژین لەوبارەیەوە. ئەمەمان بە دۆستە ئەمریکییەکانیشمان گوتووە و پێیان دەڵێین. بە دۆستە رووسییەکانیشمان گوتووە و پێیان دەڵێین. بەردەوامیش لەگەڵ حکوومەتی هەرێمدا ئەم بابەتانە باس دەکەین. لەبەر ئەوەش تا دوایین تیرۆریست مابێت ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەیان چونکە پێویستە لە سنووری هەموو پارێزگاکانماندا دەستەبەری ئارامی و خۆشگوزەرانیی بکەین''.