Kosar OSMAN
16 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش لەمیانەی دیدارەکانی ئەسینای پایتەختی یۆنان، چاوی کەوت بە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئەلێکسیس چپڕاس. کۆبوونەوەی نێوانیان دوور لە زوومی کامێراکان بەڕێوەچوو و ماوەی سەعاتێکی خایاند.
دەمیرتاش کە دوای کۆبوونەوەکە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەوانانی دایەوە و گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر دۆستانە بەڕێوە چوو. بەتایبەت لەبارەی پێشهاتەکانی تورکیا و لێشاوی پەنابەرانی سووریا گفتوگۆمان کرد. هەروەها رەوشی ئەورووپامان بەگشتیی تاوتوێ کرد".
هاوسەرۆکی هەدەپە راشیگەیاند کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پرسی شەڕی سووریادا هەنگاوێکی وەهای بەرجەستە نەکردووە و گوتی کە تورکیا و یەکێتیی ئەوروپایش لەم بابەتەدا رۆڵی باشیان نەنواندووە.
دەمیرتاش کە تورکیای بە هەڵوێستی لایەنگیرانە لە مەیدانی سووریا تۆمەتبار کرد، گوتی:"ئەم بارودۆخەی ئێستا پێی گەیشتووین ئیتر راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئەویش هەڵوێستی تورکیایە کە ساڵانێکە بە جووڵە و هێرشەکانی داعش لە سنوورەکەیدا سەغڵەت نەبووە. بۆ نموونە کۆبانێ، عەفرین، عەزاز و چەند ناوچەیەکی تر، داعش و رێکخراوانی وەک ئەو هەبوو. ئەو بارە حکوومەتی ئاک پارتی، سەغڵەت و بێزار نەکرد. نە ئەردۆغان و نە داودئۆغڵو لەو کاتەی داعش بانگەوازی بۆ دەوڵەتی خەلافەت کرد هیچ نیگەرانییەکیان نەبوو. نەشیانگوت کە هێرشی سەربازی دەکەن. بێگومان ئەگەر داعش دەوڵەتێک لە تەواوی سووریادا دابمەزرێنێت، ئەوە داودئۆغڵو یەکەم سەرۆکوەزیران دەبێت کە دانی پێ دا بنێت بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی کوردەکان هەندێک بەرەوپێش دەچن و ناوچەکە لە داعش پاک دەکەنەوە، خەریکە تورکیا پەلکێشی شەڕەکە دەکەن. ئەوانە سیاسەتی مەزهەبی دەکەن".
دەمیرتاش رایگەیاند کە حکوومەتی وڵاتەکەی هەوەسێکی زۆری بۆ شەڕ هەیە. ناوبراو هەروەها لەبارەی پەنابەرانەوە بەمشێوەیە دوا و گوتی: "پەنابەران لە بۆشایی ئاسمانەوە نایەن. هەروەها بە ئارەزووی خۆیان نییە کە ماڵ و حاڵ جێ دەهێڵن. ئەگەر ئێوە کێشەی کورد و کێشەکانی سووریا چارە نەکەن، ئەوە پێشگرتن لەو لێشاوە مەحاڵە".