Fakhradin Ibrahim Mohammad
09 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە شاری لاهای لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا مارک ڕووتە کۆبووەوە.
بە پێی هەوالێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئاڵۆگۆڕی بارزگانی تاوتوێ کراوە".
بە پێی ئەم هەواڵە، لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئاڵۆگۆڕی بارزگانی کرا. هەروەها هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی و سوود وەرگرتن لە توانا و شارەزاییەکانی وڵاتی هۆڵەندا بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی تاوتوێ کرا.
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یارمەتیدانی گەشەپێدانی ئابووری بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی و هاندانی وەبەرهێنەرانی هۆڵەندی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە هەواڵەکەدا هاتووە: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی هۆڵەندا، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم بە تایبەتی لە هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی. راشیگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ ئەوەی بە هاوکاری وڵاتانی دۆست، پەرە بە ژێرخانی ئابووری خۆی بدات و ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە ناوچەکەدا".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا کردووە لە سەربنەمای دەستوور.
شایەنی باسە بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی حکوومی کە پێکهاتووە لە هەریەکە لە وەزیری پلاندان دارا رەشید و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان محەمەد شوکری، بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت.
چاوەڕوان دەکرێت لەو گەشتەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئهورووپا کۆببێتەوە و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلوماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری بکات.
