Zana Natık Kerem
09 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە لە دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەبارەت بە پاشكۆی یاسای هەڵبژاردنەكاندا گفتوگۆ دەكرێت و ئاماژە بەوەیش دەكات كە تا ئێستا هێزە سیاسییەكان لەسەر شێوەی فرەبازنەیی ناكۆكن و لەوبارەوە نەكەیشتوون بە رێككەوتن.
لەمبارەیەوە ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، فالح خەزعەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە تا ئێستا هێزە سیاسییەكان لەسەر شێوەی فرەبازنەیی ناكۆكن و لەوبارەوە نەكەیشتوون بە رێككەوتن و گوتی:
"لە دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، سەرجەم بۆچوونەكان لەسەر فرەبازنەیی دەخرێنەڕوو".
فالح خەزعەلی ئاماژەی بەوەیش دا كە بۆچوونی جیاز لەسەر شێوەی فرەبازنەیی هەڵبژاردن هەیە و گوتی:
"كەسانێك دەڵێن كە فرەبازنەیی هەڵبژاردن، كەسانی سەربەخۆ بێ بەش دەكات لە سەركەوتن و بۆچوونێكی دیكەش پێیوایە كە سەرمایەدار دەبێتە فەرمانڕەوا، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرنەكەوتنی كەسانی لێهاتوو و سەربەخو، بەڵام بۆچوونی دیكەیش هەیە كە پشتیوانی فرەبازنەیی دەكات و پێیوایە دەنگی دەنگدەر و كاندید كراو تیایدا دەستبەر دەكات".
پێشتر سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران كردبوو كە كۆبوونەوەی چڕ سەبارەت بە فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەكاندا ئەنجام بدەن.