Zana Natık Kerem
10 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2019
نەینەوا ــ AA
ئەمڕۆ چوارشەممە دوو ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی بەشی راستی شاری مووسڵ تێپەڕدەبێت، ھێشتا ئاسەواری شەڕ و پێکدادانەکانی پێوە دیارە و دەستنەکراوە بە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش شاری مووسڵ دووەم گەورە شاری عێراقی کۆنترۆڵکرد دوای ئەوەی ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی تیایدا کشانەوە.
دوای کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوا لە لایەن داعشەوە، حکوومەتی عێراق لە ١٧ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگاکەی راگەیاند و لە ١٠ی مانگی تەمووزی ٢٠١٧دا کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگاکەی راگەیاند.
ــ دەستنەکراوە بە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ
لەگەڵ ئەوەی دوو ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی بەشی راستی شاری مووسڵ تێپەڕدەبێت، ھێشتا ئاسەواری شەڕ و پێکدادانەکان بە شارەکەوە دیارە، بەو پێیەی هێشتا دەستنەکراوە بە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو بەشەی شاری مووسڵ.
ئەوەی ئێستا لە بەشی راستی مووسڵدا تێپەڕ بێت بە تایبەتیش لە ناوچەی کۆن وا دەزانێت ھەر دوێنێیە ناوچەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، چونکە ھێشتا ئاسەواری شەڕی پێوە دیارە.
بەپێی ئامارێکی شارەوانی مووسڵ تا ئێستا دوو ھەزار و ٧٠٠ تەرمی تیرۆریستانی داعش لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا لە ناوچەی کۆندا ھەڵگیراونەتەوە.
ھاوکات بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ھێزە ئەمنییەکان دژبە داعش لە میانی کۆنترۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ، زیان بەر ١٢ ھەزار خانوو لە ناوچەی مووسڵی کۆن کەوتووە.
ھەر لەبەرئەوەیە، خێزانە ئاوارەکانی ناوچەی کۆن نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، چونکە ھیچ پێداویستێکی ژیان لە بەشی راستی مووسڵ بەرچاو ناکەوێت.
ــ تا ئێستا دانیشتوانی بەشی راستی مووسل قەرەبوو نەکراونەتەوە
وێرای ئەوەی دوو ساڵ بەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵدا تێپەڕدەبێت، بەڵام حکوومەتی عێراق ھیچ بڕە پارەیەکی وەک قەرەبوو بۆ زیانلێکەوتوانی شارەکە خەرج نەکردوو.
لەمبارەیەوە پارێزگاری نوێی نەوینەوا، مەنسور مەرعید بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە بڕیاردراوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، پارە بۆ زیانلێکەوتوانی بەشی راستی مووسڵ خەرج بکرێت.
جگە لەوەش لەئێستادا دانیشتوانی بەشی راستی مووسڵ بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و قەرەبوونەکردنەوەیان، بە ناچاری دەستیانکردووە بە فرۆشتنی خانووە رووخاوەکانیان و روو لە ناوچەکانی دیکە دەکەن.
لەمبارەیەوە دانیشتوویەکی ناوچەی حاوی کەنیسە، موسەننا حەمدانی گوتی: "لە میانی ساڵی یەکەمی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکەمان، گوێ بیستی ئەوە بووین کە دەست دەکرێت بە دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووش دەکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ کام لەو دەنگۆیانەمان نەبینوە جێبەجێ بکرێت، بۆیە خانووەکانمان دەفرۆشین و روو دەکەینە ناوچەکانی دیکە".
ــ حکوومەت بەرپرسە لە دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشکی پارێزگای نەینەوا، محەمەد نوری عەبدڕەبە رایگەیاند رەوشی مووسڵ بە تایبەتیش لە ناوچەی کۆن، زۆر خراپە.
محەمەد نوری عەبد رەبە گوتی: "حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسە لە دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانەکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ".
ــ نەگەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ بەشی راستی مووسڵ
بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نەرویج بۆ پەنابەران، ھێلین بەکر رایگەیاند کە ھێشتا ٣٠٠ ھەزار کەس لە دانیشتوانی مووسڵ ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.
ھێلین بەکر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر دەست نەکرێت بە دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ، ئەوا خێزانە ئاوارەکان لە کەمپەکان دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".