Azat Muhammet
22 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
دهۆک -AA
سوپاسالارى پێشووى عێراق، بابەکر زێبارى رایگەیاند "رێککەوتن لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق بەردەوامە بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى تۆکمە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى بەشى راستى مووسڵیش ئەنجام بدرێت و دەروازەیەکى گرنگ بۆ هێزە عێراقییەکان بکرێتەوە لە سنوورى شارۆچکەى شنگال بەرەو تەلەعفەر، بەعاج و بلێج دواتر لە گشت لاوە گورزى کوشندە لە داعش بوەشێنن و شارەکە لە ژێر دەسەڵاتى تیرۆریستان رزگار بکەن".
سوپاسالارى پێشووى عێراق، بابەکر زێبارى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "هێزە عێراقییەکان لە بەشى چەپى مووسڵ شەڕێکى سەرکەوتووانەیان دژبە تیرۆریستانى داعش ئەنجامدا و، بەکوشتنى ژمارەیەکى زۆر لە تیرۆریستانى داعش ناوچەیەکى زۆری شارەکەیان رزگار کرد. هەرچەند داعش رووبەڕووبوونەوەیەکى بەهێزیان کرد، بەڵام سەرەنجام تووشى شکستێکى گەورە هاتن، ئەمەیش کاریگەرى ئەرێنى لەسەر ورەى هێزە عێراقییەکان هەیە، بەڵام شەڕى کۆنتڕۆڵکردنەوەى بەشى راستى مووسڵ زۆر زەحمەتتر دەبێت لە بەشى چەپى شارەکە".
زێبارى گوتى: "لەناوبردنى داعش لە بەشى راستى مووسڵ بە بەراورد لەگەڵ بەشى چەپى شارەکە زۆر قورستر دەبێت، چونکە بینا و خانووەکانى ئەم بەشە زۆر کۆنن و، کوچە و کۆڵانەکانى بەشى راستى مووسڵ زۆر بەرتەسکن، ئەوەش وادەکات تانک و زرێپۆشەکانى سوپاى عێراق نەتوانن بەناو کوچە و کۆڵانەکانى شار هێرش بکەنە سەر بەشى راستى مووسڵ، بۆیە دەبێتە شەڕى ماڵ بەماڵ و کۆڵان بەکۆڵان ئەم جۆرە شەڕەیش زیاتر لە بەرژەوەندى تیرۆریستانى داعشە، بۆ ئەوەش پێویستە بەهیچ شێوەیەک پەلە نەکرێت لە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى بەشى راستى مووسڵ، پێویستە پاڵپشتى فڕۆکە جەنگییەکان بە باشترین شێوە دەستەبەر بکرێن، چونکە نزیکترین هێزى پشتیووانى فڕۆکە جەنگییەکانن لە جەنگى لاى راستى مووسڵ، بۆ ئەوەى داعش بکەنە ئامانج".
گوتیشى: "زانیاریمان لەبەردەستە کە داعش لە بەشى راستى مووسڵ چەکدارانى خۆى بەناو خانوو، باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان بڵاوپێکردووە لە رێگەى چەند دیوارێکەوە لەناو گەڕەکەکانى ئەم بەشەى مووسڵ هێڵێکى بەرگری بەهێزیان دروستکردووە. داعش لە پشت هێڵە بەرگرییەکە ژمارەیەکى زۆر لە نیشان شکێن، قەناسبەدەست، چەکدارى خۆکوژ بەپشتێنى بۆمبڕێژکراو و ئۆتۆمبێڵى بۆمبڕێژکراوى ئامادە کردووە بۆ ئەوەى ئاراستەى هێزە عێراقییەکانى بکات، ئەگەر لە دەستیان بێت سەختترین شەڕ دەکەن لە بەشى راستى مووسڵ، چونکە لە دەستدانى ئەم بەشەى مووسڵ کاریگەرییەکى گەورەى دەبێت لەسەر داعش وا دەکات ورەى بە یەکجارى داڕووخێت".
- " رێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق بەردەوامە"
بابەکر زێبارى ئاماژەى بە بەردەوامى رێککەوتنى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق کرد و گوتى: "ئەو رێککەوتنەى لەسەرەتاى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ کراوە تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوەى لە دەشتى نەینەوا ئەنجامدرا، هەمان شت دووبارە دەکرێتە لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى بەشى راستى مووسڵ. لە سنوورى شنگال پێشمەرگە تەواوى ناوچە کوردییەکان کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە و دواتر دەروازەیەک بۆ سوپاى عێراق دەکاتەوە بۆ ئەوەى هێرش بکەنە سەر تیرۆریستانى داعش لە بەرى راستى مووسڵ".
گوتیشى: "دواى ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکان لە سنوورى شنگال لە چنگ تیرۆریستانى داعش ئازاد دەکات راستەوخۆ رێگە دەکرێتەوە بۆ هێزە عێراقییەکان لە سنوورى تەلەعفەر، بەعاج و بلێج و هەروەها لە باشوورى پارێزگاى نەینەوا دەست بەهێرشەکەیان بکەن لە هەمان کاتدا چەند پردێک دروست کراوە بۆ ئەوەى لە ئاوى رووبارى دیجلە هێز بپەڕنەوە بۆ هێرشکردنە سەر بەشى راستى مووسڵ، ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە وەک پلانى بۆ داڕێژراوە ئەنجام بدرێت لە گشت لاوە هێرش بکرێتە سەر داعش، بێگومان داعش شپرزە دەبێت و تێکدەشکێت و تووشى گەورەترین شکست دەبێت لە مووسڵ".
بابەکر زێبارى سەبارەت بەئایندەى داعش دواى لە دەستدانى بەشى راستى مووسڵ، گوتی: "ئایندەى داعش وەک ئایندەى رێکخراوى ئەلقاعیدەیە، ئەستەمە داعش لە مووسڵ کۆتایی بێت، چونکە بیابانەکى گەورە هەیە لە ناوچەکە و بینا و باڵەخانە و تونێلى زۆر ئاڵۆز هەن لە شارەکە ئەمە وا دەکات داعش هاوشێوەى رێکخراوى ئەلقاعیدە بەناوچەکە بڵاو ببنەوە لە رێگەى چەند گرووپێکەوە چالاکى تیرۆریستى ئەنجام بدەن، بەئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراوەوە هاووڵاتییان یان بنکە و بارەگاکانى سوپاى عێراق بکەنە ئامانج".
- " مانەوەى پەکەکە کێشەیە لە شنگال"
سوپاسالارى پێشووى عێراق، بابەکر زێباری سەبارەت بە بوونی چەکدارانى پەکەکە لە شنگال گوتی: "مانەوەى پەکەکە کێشەیە بۆ هەرێمى کوردستان و تەواوى وڵاتانى ناوچەکە، باشتروایە بەئاشتیانە دەربچێت. چونکە هیچ ئەرکێکى نیشتمانى و مرۆیی لە ئەستۆ نییە و هیوادارین نەبێتە هۆکارێک بۆ دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ".