Hawkar Yaseen
14 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2021
هەولێر AA
ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنین پلاسخارت.
لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دۆخی سیاسیی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و تاوتوێ کرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین پلاسخارت جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانی دەتوانێت و چاویان لێیە ئامادەیی و رۆڵێکی بەرچاوتری لە سەرکەوتنی گفتوگۆی ھەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی عێراقدا بۆ ساڵی ٢٠٢١ هەبێت، ھەروەھا لە تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکانیشدا".
راشیانگەیاندووە "لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی ھەولێر و بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنیان و ھەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا تاوتوێ کرا و ھەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کردەوە، ھەروەھا دۆخی سیاسیی و ئەمنی و ئابووریی وڵات، پەتای (COVID-19)، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، دۆخی ئاوارە و پەنابەران، مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و کردارەکانی داعش و دۆخی ناوچەکەیان بەگشتی باسکران".