Heman Hussein Yaseen
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی کرد لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و نێردەی تایبەتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش جێمس جێفری و شاندێکی یاوەری.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە کۆبوونەوەیەکدا کە وەزیری کاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا، ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش و بەرەنگاربوونەوەی چالاکی و مەترسییەکانی تیرۆر لە سووریا و عێراق، دۆخی کورد و گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان لە سووریا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و یەکڕیزیی نێوانیان تاوتوێ کراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە جێمس جێفری بەردەوامی پشتگیریی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کورد و ھاوبەشانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەھێشتنی یەکجارەکیی داعش لە سووریا، ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتکردووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ھەموو ھاوکارییەکی پێویست پێشکەش بە پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەکات.
راشیگەیاندووە کە جێمس جێفری پشتگیری و خۆشحاڵیی ئەمریکای بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکان لە سووریا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان نیشانداوە و ئاماژەی بە رۆڵی ئەرێنیی نێچیرڤان بارزانی و ھەرێمی کوردستان لە پێناو لێکنزیککردنەوەیان و ھاندانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشی کردووە بۆ ھاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیان و جەختی لە گرنگی و پێویستیی بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھاوبەشانیان لە ناوچەکە کردووەتەوە تا دڵنیابوون لە لەناوچوونی یەکجارەکیی داعش.
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی لە سووریا، ھەرێمی کوردستان و عێراق و رێکار و ھەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی، پەیوەندییەکانی ھەولێر-بەغدا، پرسی کورد لە سووریا، ھێزە بیانییەکان لە سووریا، دۆخی ناوچەکە بەگشتی، ھەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکەوە بوون.
دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، جێمس جێفری ئێوارەی رۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لە میانی سەردانەکەشیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.