Heman Hussein Yaseen
06 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی شەڕەکەی شەوی رابردووی گوندی قەرەسالم بڵاوکردەوە و تیایدا وێرای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری شەھیدان، جەخت لە تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەھیدەکان دەکاتەوە.
لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی-دا ھاتووە "بەداخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە قەرەسالم لە سنووری ناوچەی پردێ، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون، پرسە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەھیدانی ئەو پەلامارە تیرۆریستیە دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواکارم رۆحی شەھیدەکان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبرو ئارامی بە کەسوکاریان بدات، ھیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم".
مەسعود بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جەخت لە گۆڕینی تاکتیکی جەنگ دەکاتەوە و داوای کردەووە کە پێشمەرگە لە دۆخی بەرگریکردنەوە بکەوێتە ھێرشبردن و ھاتووە "جەختیش لەوە دەکەمەوە کە پێویستە تۆڵەی خوێنی شەھیدەکانمان لە تیرۆرستان بکرێتەوە. بەھۆی زۆربوونی جموجۆڵ و پەلامارەکانی تیرۆریستان لەم دواییانەدا، پێویستە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکاری زیاتر بکات و تەکتیکی جەنگی بگۆڕێت و لە دۆخی بەرگریکردنەوە بکرێتە ھێرشبردن بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش".