Sarmand Hameed
13 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە پارتریارک مار ئاواى سێیەم کرد بە بۆنەی هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی وەک پاتریارکی نوێی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووریی.
لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی هاتووە "بەبۆنەی دانانی پاتریارکی نوێی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووریی لە جیھان، پیرۆزبایی لە قەداسەتی پاتریارک مار ئاوای سێیەم دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ھیوای خواستووە کە دەستبەکاربوونی قەداسەتی پاتریارک مار ئاوای سێیەم ببێتە ھۆی پەرەپێدان و قوڵتربوونی کولتووری پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکان و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و جیھاندا.
مەسعود بارزانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان وەک تابلۆی جوانی پێکەوەژیان و ئازادی ئایینی و بیرورا دەمێنێتەوە و ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئەو ئاشتی و جوانی و پێکەوەژیانە تێکبدات.
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ دووشەممە، پاتریارکی نوێی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووریی لە رێورهسمێكدا كه له کڵێسای مار یۆحەننای مەعمەدان لە شارۆچکەی عەنکاوە بهڕێوه چوو، دەست بەکار بوو.