Fakhradin Ibrahim Mohammad
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی رایگەیاند "د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو. لەدەستدانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا".
مەسعود بارزانی لە پەیامێکیدا بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی رادەگەیەنێت "كوڕێكی خۆم لەدەست دا".
لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی-دا هاتووە "هەواڵی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر زۆر خەمبار و دڵتەنگی كردم. خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە. لەدەستدانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی راشیگەیاندووە "سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو د. فرسەت و هەموو هاوكارانی لە حكوومەت و پارێزگا و تەواوی خەڵكی شاری هەولێر دەكەم و لە خودای گەورە داواكارم جێگەی بەهەشت بێت و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کۆچی دوایی کرد.
فرسەت سۆفی دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستییەوە رۆژی سێی تشرینی دووەم بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کرابوو.