ھەولێر
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان فرسەت سۆفی لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و ھەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کە چاوەڕێی سێ مانگی داهاتوو دەکەن بۆ ئەوەی بزانن حکومەتی عێراق تا چ رادەیەک وەڵامدانەوەی دەبێ.
سۆفی گوتی: "ئەگەر نییەت پاکی عێراق دیاربوو، ئێمە لەگەڵ عێراق دەمێنینەوە، بەڵام ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ مانگ کە ئێستا تەنیا دوو مانگی ماوە، ئەگەر نییەت پاکی ئەوان دیارنەبوو ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین و بەدڵنیاییەوە دەگەڕێینەوە ناو گەڵی خۆمان و ریفراندۆم دەکەین."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش راپرسی بکەن، پێویستیان بە یاسایەک ھەیە و لە ئێستادا کاری لەسەر دەکەن و لە کاتی خۆیدا ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێ.
ھەروەھا لەبارەی کۆمیسیونی باڵای ھەڵبژاردنەوە گوتی: "ئێمە یاسامان ھەیە و لە ماوەی سێ مانگدا ئەو کۆمیسیونە دادەنرێ."
لەبارەی پرسی رۆژئاوا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، فرسەت سۆفی گوتی: "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پرسی رۆژئاوا و بە تایبەتی کۆبانێ لە پەرلەمانی کوردستان باس بکرێ، لە ھەمان کاتدا لێژنەی مافی مرۆژڤ و لێژنەکانی دیکەش بەدواداچون بۆ ئەو پرسە دەکەن."