Fakhradin Ibrahim Mohammad
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆكی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێكدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر و خەڵكی هەولێر و کوردستان دەكات و دەڵێت د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو.
لە پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە "بۆ كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان رادەگەیهنین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم. د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە رۆڵێكی گرنگی لە ریزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا رۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو رۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا ههبوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەریی".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ رێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.
خوای مهزن گیانی به بهزهیی و میهرهبانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کۆچی دوایی کرد.
فرسەت سۆفی دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستییەوە رۆژی سێی تشرینی دووەم بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کرابوو.