ئەندامی پەرلەمانی کوردستان فەرسەت سۆفی پێی وایە "ئەوەی ئیستا لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت هەیە، دۆخێکی نەخوازراوە و رەنگە ئەستەم بێت بتوانین تەفسیرێکی یاسایی بۆ بکەین، دۆخێک کە لەئەنجامی کار و کاردانەوەی خراپی هێزەکانی سیاسی دروست بووە و پێم وایە چارەسەریش هەر لەلای ئەو هێزانەیە کە پێویستە بەیەکەوە دابنیشن و کۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە".
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە "ئەم دۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی خستۆتە نێو تونێڵێکی تاریک و ئەرکی هەموو لایەکە کە هەوڵ بدەین هەرێمی کوردستان لەم دۆخە رزگار بکەین".
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان فەرسەت سۆفی بۆچوونەکانی خۆی لەسەر کۆمەڵێک پرسی سیاسی نێوخۆیی و هەرێمی خستەڕوو. ئەو لە سەرەتادا ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئێستا کۆبوونەوەی لایەنەکانی سیاسی دەستی پێ کردووە بەتایبەتی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وا دیارە یەکێتیی رۆڵیکی باش دەبینێ بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە و یەکێتیی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکەی کردووە و پارتی دیموکراتیش چاوەڕێی ئەوەیە کە بزانێت ئەو پێشنیازانە چین بۆ ئەوەی بگەینە قۆناغێک کە کۆتایی بەم مەسەلەیە بهێنین و بەڵام کاتێک دیاری نەکراوە تا بزانین چەندی دەخایەنێت. گرنگترین شت ئەوە بوو پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەریی کرد بۆ راگرتنی شەڕی راگەیاندن و ئامادەیی خۆی دەربڕی بەبێ مەرج بچێتە هەر گفتوگۆیەک و هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم قەیرانە چارەسەر بێت".
"تورکمان و کورد لە خورماتوو کیشەیان نییە و حەشدی شەعبی گرژی درووست دەکات"
لە بارەی ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە دووزخورماتوو هاتۆتە ئاراوە فەرسەت سۆفی لەو باوەڕە دایە کە حەشدی شەعبی لە پشت ئەو گرژیانەیە و دەڵێ: "سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەهیچ شێوەیەک ئەمە شەڕی تورکمان و کورد نییە بەڵکو ئەمە حەشدی شەعبیە و لە هەندێک ناوچەی دیکەش هەمان کاریان دووبارە کردۆتەوە و بەپێی راپۆرتەکانی هیومان رایس وۆچ و ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، حەشدی شەعبی چەندین تاوانی ئەنجام داوە. بەتایبەت لەو ناوچانەی کە تازە لە چنگی داعش رزگاریان دەبێت و بەشێکیان چوونەتە خانەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ و بۆیە ئەوەی دوزخورماتوو بە هیچ شێوەیەک شەڕی نێوان پێکهاتەکان نەبوو بەڵکو حەشدی شەعبی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی دروست کرد".
فەرسەت سۆفی گوتیشی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوین کە پێکەوەژیان تێیدا سەروەرە و چەندین ساڵە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە دەژین و هیچ کێشەیەکمان نەبووە. تورکمانەکان وەکو ئێمە هەموو مافێکیان هەبووە لە رووی سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە و پێکهاتەکانی دیکەش بە هەمان شێوە و ئایین و ئایینزاکانی دیکەش بە هەمان شێوە. نزیکەی یەک ملیۆن و نیو عەرەب هەیە لە هەرێمی کوردستان و هەموویان بە ئازادی لێرە دەژین. بۆیە ئەوەی لە خورماتوو رووی دا بە هیچ شێوەیەک رەفتاری پێشمەرگە نییە و دوزخورماتوو بەشێکی دانەبڕاوە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت حەشدی شەعبی لەو شتانە تێبگات کە باسمان کرد".
هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان
پرسی هەناردەکردنی نەوت و بەم دوایانەش غازی هەرێمی کوردستان تەوەرەکی دیکەی دیمانەکە بوو کە لەم بارەیەوە فەرسەت سۆفی بە بیری هێنایەوە کە کاتێک سیاسەتی نەوتیان لە هەرێم پەیڕەو کردووە بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوتی لەگەڵیان نەبوون بەڵام ئەو رەوتە بە ئاقارە چاوەڕوانکراوی خۆی رۆیشتووە و ئێستا نەوت بەو شێوەیە کە هەرێم دەیەوێ هەناردە دەکرێت.
سۆفی گوتی: "ئێمە کاتێک ویستمان نەوت بەرهەم بێنین حکوومەتی عێراق دژایەتی کرد. دواتر کە ئێمە گرێبەستەکانمان دەست پێ کرد لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەوان بە هەموو شێوەیەک دژایەتیان کرد و گەیشتە ئەوەی کۆمەڵێک کۆمپانیا باشووری عێراق بەجێ بهێڵن لەوانە ئیکسۆن مۆبیل. دواتر گەیشتینە ئەو قۆناغەی کە نەوت هەناردە بکەین و حکوومەتی عێراق گوتی نابێ و بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو پرۆسەیە بوو کە دواتر پرۆسەکەمان دەست پێ کرد. ئێستاش مەسەلەی غاز بەهەمان شێوە بەشێکە لە سامانەکانی سرووشتی و ئێمە یاسای ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ مان هەیە و ئەو یاسایە کەرتی سامانەکانی سرووشتی رێکخستووە و لە ناویشیدا گازی سرووشتی. بۆیە ئێستا هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی گرێدانی کۆمەڵێک گرێبەستی گەورەیە لەگەڵ هەندێک کۆمپانیا بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانین رێژەیەکی باش گازی سرووشتی بەرهەم بهێنین و هەناردەی بکەین بێگومان ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆ هەرێمی کوردستان".
لەبارەی وردەکاری ئەو پڕۆسەیەوە گوتی: "هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی هەیە لەگەڵ کۆمپانیایەک کە رۆژانە ٥٢٥٠٠٠ بەرمیل لە رێگەی تورکیاوە بنێرێ بۆ بەندەری جەیهان و لەوێش ئەو کۆمپانیایانەی کڕیاری نەوتن دەیبەن و لە بەرامبەردا مانگانە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار دەدەن بە هەرێمی کوردستان و ئێستاش هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیا بەردەوامە".
سۆفی لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو پرسە باسی لە کەرکووکیش کرد و گوتی: "کەرکووک دۆخێکی تایبەتی هەیە و بەداخەوە دۆخێکی خراپە بۆ هاووڵاتییانی شاری کەرکووک کە ئەویش بەو تێڕوانینە ناتەندروستەی کە حکوومەتی ئیتیحادی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک هەیەتی و هەروەها لە رووی ئابوورییەوە بەهۆی رۆیشتنی نەوت لە رێگەی بۆڕییەکان بۆ بەندەری جەیهان و لەوێ تەسلیمی سۆمۆ دەکرێت و بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕی داعش ئەم هەناردەیە هەندێکیان وەستاوە و بەڵکو لە رێگەی هەرێمی کوردستان رۆژانە ١٥٠٠٠٠ بەرمیل ناردراوە و تەنیا مانگی ٩ نەبێت کە رێژەکەی کەمترە".
"راگرتنی فڕۆکەی مەدەنی و گەشتی ئاسمانی ئەمە زەڕبەیەکی کوشندەیە لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان"
رێگەگرتن لە گەشتەکانی ئاسمانی هەرێمی کوردستان کە دەگوترێ لەسەر فەرمانی بەغدا و بە هۆی هاویشتنی مووشەکی رووسیایە لە دەریای خەزەرەوە بۆ سووریا، گرفتێکی جدی کەرتی هاتوچۆی بۆ هەرێمی کوردستان خوڵقاندووە کە بە بۆچوونی فرسەت سۆفی گورزێکی کوشەندەیە.
ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەمەیان پرسیارێکی زۆر گرنگە و پێم وایە دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەجدی لێکۆڵینەوە و دیراسەی ئەم بابەتە بکات. چونکە راگرتنی فڕۆکەی مەدەنی و گەشتی ئاسمانی ئەمە زەربەیەکی کوشندە لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و پچڕاندنی هەموو پردەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. راستە ئەمە سیادەی وڵاتی عێراقە بەڵام لە دەستووری عێراق بەهیچ شێوەیەک باسی راگرتنی گەشتەکانی مەدەنی لە دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی نەکراوە. واتە هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی کە رێکخستنی گەشتەکانی ئاسمانی بکات لە چوارچێوەی رێکەوتننامەی شیکاگۆی ساڵی ١٩٤٤. بۆیە ئەمە دواتر پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە کە ئایا بەڕاستی پاساوەکانی راگرتنی گەشتەکانی ئاسمانی مەترسیدار بووە یان نا، ئەگەر دەرکەوت کە وا نەبووە نابێ ئەم مەسەلەیە بە ئاسانی تێپەڕ ببێت. چونکە ئەمە بێ متمانەیی لەلای کۆمپانیاکان دروست دەکات و بەتایبەتی کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت چونکە راگرتنی گەشتەکانی ئاسمانی بۆ ماوەی دوو رۆژ بە ملیۆن دۆلار زیان بە کۆمپانیاکان دەگەیەنێت، بۆیە ئێمە داوامان لە حکوومەت کردووە کە زۆر بەجدی دیراسەی ئەو بابەتە بکەن و بە فەرمی داوای روونکردنەوە لە حکوومەتی عێراقی بکرێت".
"لە داهاتوودا پەیوەندی تورکیا و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەدەستێنێت"
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا سۆفی دەڵێت: "ئێمە لە قۆناغێکدا لە پەیوەندییەکی ئابووری و سیاسی زۆر خراپ بووین لەگەڵ تورکیا و ئێمە ئێستا لە پەیوەندییەکی زۆر باشداین. لە ساڵی ٢٠٠٣ تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی هەرێمی کوردستانی دەکرد بەڵام ئێستا پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووریی زۆر بەهێز و تاکە دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بریتییە لە تورکیا و دیارە کە بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە و بە سەدان کۆمپانیای تورکی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و بەبۆچوونی من لە داهاتوودا گەشەسەندنی زیاتریش دەبێت لە رووی ئابوورییەوە لەگەڵ وڵاتی تورکیا، هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرکردایەتیش زۆر جدیە لە ئەوەی کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا نەک خاو نەبنەوە بەڵکو بەهێزتریش بێت لەوەی کە ئێستا هەیە و ئەرکی هەردوولایە کە پارێزگاری لەو پەیوەندییانە بکەین و بەرەوپێشی ببەین لە رووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەوە".
"پەکەکە هەرێمی کوردستان بۆ ململانێی خۆی بەکار نەیەنێت"
"پەکەکە با لە هەرێمی کوردستان بازگە دانەنێی و بگەڕێتەوە شوێنی خۆی"، ئەمە بۆچوونی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان فرسەت سۆفی بوو کە داوا دەکات پەکەکە رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بکات و زیاتر دەڵێت: "هەمیشە ئەوەمان گوتووە سەبارەت بە پەکەکە و هەر هێزێکی دیکەش، هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیوادارین پرسی کورد بە رێگایەکی ئاشتی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە چارەسەر ببێت. ئێمە داوا لە پەکەکە و هەر هێزێکی دیکە دەکەین کە رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بکەن و نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی ململانێی و تەسفییاتی حسابی ئیقلیمی بۆیە داوا دەکەین کە پەکەکە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و دانانی بازگەش لە خاکی هەرێمی کوردستان خزمەت بە پەکەکە ناکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵیان رێک بکەوێت کە نابێ هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕەپانی ململانێ بەکار بێت".
سۆفی هەروەها گوتیشی: "ئەو ناوچانەی کە ململانێی تێدایە دراوسێی هەرێمی کوردستانن و بەشێکی پەکەکەش لە نێو هەرێمی کوردستانن. کاتێک کە پرۆسەی چارەسەر هەبێت ئەوە نە بۆردومانەکان و نە کێشەکانیش نایەنەوە سەر هەرێمی کوردستان. بەپێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر باشتریش دەبێت و ناوچەکانیش ئارامتر دەبن. چونکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعش، بۆڕیەکانی نەوت لەلایەن تیرۆریستانی داعش تەقێنرانەوە. ئەمە زیانێکی ئابووری گەورەی بە هەرێمی کوردستان گەیاند، شەڕ و ناکۆکی نەک هەر زیان بە پەکەکە و تورکیا دەگەیەنێت بەڵکو زیان بە هەرێمی کوردستانیش دەگەیەنێت. بۆیە سەرکردایەتی کورد و بەتایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی هانی لایەنەکانی پەکەکە و تورکیا دەدات بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە و شەڕ رابگیرێت چونکە لە ساڵی ١٩٨٤ هەتا ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی چل هەزار کەس گیانی بەخشی لە هەردوولا بەڵام پرسەکە چارەسەر نەبوو. پێمان وایە ئەگەر چل هەزاری دیکەش گیان ببەخشێت بە رێگەی توندوتیژی کێشەکە چارەسەر نابێت، تاکە رێگە بۆ چارەسەریی پرسی کورد، رێگەی ئاشتیانەیە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "هەدەپە بەشداری حکوومەتیش نەکات بەڵام دەتوانێ رۆڵێکی ئەرێنی ببینێ بۆ چارەسەریی پرسی کورد و هاندانی لایەنەکان بۆ دانیشتنە سەر مێزی گفتوگۆ. واتە ئەمڕۆ دەرفەتێک هاتۆتە پێش لە تورکیا کە لە رێگەی خەباتی مەدەنی و خەباتی پەرلەمانی و ئەوانەی نوێنەرایەتی کورد دەکەن هەتا ئۆجەلانیش لە ئیمڕاڵی دەتوانن رۆڵێکی کارای خۆیان ببین بۆ گفتۆگۆ لەسەر پرسی کورد و بتوانرێت جارێکی تر دانوستانەکان دەست پێ بکاتەوە".
"رووسیا شەڕی مانەوەی ئەسەد دەکات نەک داعش"
سۆفی لە پەیوەندی لەگەڵ بەردەوامی گرژییەکانی سووریا و دەستێوەردانی رووسیا گوتی: "ئەوەی لەو ناوچەیە دەگوزەرێت ململانێیەکی گەورەیە و ئێمەش دەبێ باش خۆمان بۆ ئەو ململانێیە گەورەیە ئامادە بکەین. بێگومان ئەوەی رووسیا دەیکات هێندەی پەیوەستە بە مانەوەی بەشار ئەسەد ئەوەندە پەیوەیست نییە بە شەڕی دژی تیرۆر لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییە، چونکە رووسیا، ئامانجی رووسیا جگە لە لێدانی داعش و تیرۆر ئامانجی مانەوەی بەشار ئەسەدە لەسەر کورسی دەسەڵات. هاتنە سەرخەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یان وڵاتانی ئەورووپی بەو هاوپەیمانێتییەوە جیاوازە لەگەڵ هاتنە سەرخەتی رووسیا، بۆیە پێم وایە دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە لەم بابەتە بکۆڵینەوە".
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سۆفی لە کۆتایی دیمانەکەیدا سەبارەت بە پشتگیری ئێران لە ئەسەد دەڵێت: "ئێران لایەنێکی سەرەکی بابەتەکەیە و هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەدە. من پێم وایە ئەگەر داعشیش نەبێت بە مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات ئەوە ناوچەکە جێگیری بەخۆیەوە نابینێت چونکە بەشار ئەسەد بەشێکە لە کێشەکە. من پێم وایە کە دەستێوەردانی ئێران وا بەڕوون و ئاشکرایی بۆ سەرخستنی لایەنێک بەسەر لایەنەکی دیکەدا رۆڵێکی ئەرێنی نییە و زیاتر رۆڵێکی نەرێنییە".
news_share_descriptionsubscription_contact



