هەولێر / بەھمەن حەسەن
رووداوەكە بە جۆرێك كاریگەربوو كە سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆبامای هێنایە بەردەم كامێراكان و رووداوەكەی بە "وەحشیگەریی" ناوبرد.
لەبەرامبەر ئەمەدا، وەزیری دەرەوە و دەیڤد كامیرۆنی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم جیهاندا دەركەوتن و سەركۆنەی رووداوەكەیان كرد.
هەرچەندە بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا "رووداوەكە جێی شەرمەزاری" نەبوو، بەڵكو وەك رایگەیاند: "وامان لێدەكا بەشوێن تاوانبارەكەدا بگەڕیین".
كاردانەوەكانی رووداوەكە دەریخست بەریتانییەكان شەرمەزاربوون. بەرپرسان كۆمەڵێك كاردانەوەی توندیان نواند، لە ناویاندا لێدوانە توندەكانی سەرۆكی شارەوانی و بەرپرسی پۆلیسی دەوروبەری لەندەن بۆریس جۆنسنی بەرچاوكەوت.
جۆنسن بە رۆژنامەكانی راگەیاند: "ئەو هاوڵاتییانەی سەردانی عێراق و سوریا دەكەن بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەبێ بخرێنە لیستی تیرۆرەوە و مافی هاوڵاتیبوون لەدەستدەدەن، مەگەر پێشتر بە شێوەیەكی رەسمی بەرپرسانیان ئاگاداركردبێتەوە".
حەفتەیەك بەر لەو رووداوە، خالید شاروفی بەرەگەز ئوسترالی لە چەند وێنەیەكدا دەركەوت. لە وێنەیەكیاندا كوڕە حەوت ساڵانەكەی خالید شاروفی سەری كەسێكی بەدەستەوە بوو. رووداوەكە كاردانەوەیەكی میدیایی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆكوەزیرانی ئوسترالیا تۆنی ئابووت بۆ میدیاكان وێنەكانی بە "كردارێكی شێتانە" ناوبرد.
ئەم رووداوانە تەنیا دوو حەفتە دوای ئەوە هاتن كە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دەیڤد كامیرۆن رایگەیاند دەوڵەتی ئیسلامیی هەڕەشەیە بۆسەر وڵاتانی خۆرائاوا. هاوكات، رووداوەكان لە كاتێكدابوون یەكێتیی ئەوروپا وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكەی سەرپشككرد لە جۆری ئەو هاوكارییەی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان و عێراقی دەكەن، كە دواتر هێرشی بۆ ناو سوریاش بەدوادا هات.
كوشتنی دەستبەسەرە خۆرئاواییەكان بەردوام بوو بە كوشتنی دووەم رۆژنامەنووسی ئەمریكی، بەریتانی و دواین خۆرئاواییش كوشتنی هێرڤی گۆردێلی فەڕەنسی بوو، كە سەرۆكی فەڕەنسا فڕانسۆ ئۆلاندی ناچاركرد دوو خولەك لە گوتارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی تەرخان بكا بۆ هەواڵی سەربڕینی گۆردێل لە لایەن چەكدارانی داعشەوە لە جەزائیر.
ئەوروپا و ئەمریكا هاودەنگبوون لەسەر ئەو هەڕەشانەی دەوڵەتی ئیسلامیی بۆسەر ئەوروپا و ئەمریكای دروستیكردووە و داعشیش لای خۆیەوە بەڵێنی بەئامانجگرتنی ئەمریكی و ئەوروپییەكانیدا. لەبەرامبەر ئەمەشدا، وڵاتانی ئەوروپا كەوتنە چاوخشاندنەوە بە ئاسایش و مەترسییەكانی ئەو هاوڵاتییانەیان كە چوونەتە ریزەكانی داعشەوە.
بۆ تاوتوێكردن و رێگریكردن لە دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ وڵاتانی خۆرئاوا، ناتۆ كۆبوونەوەی ساڵانەی لە هەرێـمی وێلزی بەریتانیا ئەنجامدا، دواتریش بە سەركردایەتی ئەمریكا و فەڕەنسا سەرانی ٢٠ وڵات لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا كۆبوونەوە بۆ هەمان مەبەست.
لێكدانەوی جیاواز لەبارەی قەبارە و جۆری ئەو مەترسییانە دەكرێن. لە كاتێكدا چەكدارانی داعش كەسانی زیاتری خۆرئاوای لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پیشاندەدەن كە وەك لێكۆڵەری ئەمریكی چارلی كۆپەر دەڵێ مەبەست لێی "تەنیا هێنانەپێشەوی چەكدارە بیانییەكان و خۆدەرخستنە".
ئامارە ناڕەسمییەكان ئاماژە بە هەبوونی هەزاران چەكداری بیانی دەكەن لە ریزەكانی داعشدا. لە كۆتایی مانگی رابردوودا، روانگەی مافەكانی مرۆڤی سوریا، سەربازە خۆرئاواییەكانی داعشی بە پێنج هەزار مەزەندەكرد و بەریتانیاش لە سەرەوی ریزبەندییەكەدایە، جگە لە بوونی زیاد لە ٣٠٠ چەكداری بەڕەگەز ئەمریكی. ئەمە سەرباری ئەو ژمارەی زۆرە چەكدارەی لە وڵاتانی ناوچەكەوە روویان كردووەتەوە عێراق و سوریا بۆ جەنگ بۆ نوێترین خەلافەتی ئیسلامیی.
ئەم ژمارە چەكدارە بیانییە لە كاتێكدایە چەكدارانی داعش لە لایەن دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (CIA) و گوتەبێژی پنتاگۆن جۆن كیربییەوە بە ٢٠ هەزار بۆ ٣١ هەزار ٥٠٠ كەس مەزەندەكردووە و ئەم ژمارەیەش كەم تا زۆر جێگیرە.
هەر لەبارەی ژمارەی چەكدارە بیانییەكانی ناو داعشەوە، ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە راپۆرتی جۆربەجۆر بڵاودەكەنەوە. لە راپۆرتی ئەم مانگەی (سەنتەری نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی رادیكالیزم و توندوتیژی سیاسی)ی سەر بە زانكۆی كینگس كۆلیژی بەریتانی، ئەم پرسە بە درێژی باسكراوە. جیاواز لە راپۆرتەكانی پێشوو، ئەم سەنتەرە ژمارەی چەكدارە بیانییەكانی ناو داعش بە زیاتر لە ١١ هەزار مەزەندەكردووە و لەو ژمارەیەش دوو هەزار لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتوون كە دەكاتە ١٨%ی چەكدارە بیانییەكانی داعش.
لای خۆشیانەوە (گروپی سوفان) كە گروپێكی ئەمریكی نێودەوڵەتییە و تایبەتە بە لێكۆڵێنەوە و گەیاندنی شیكاری ئەمنی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا، ژمارەیەكی جیاوازتر پێشنیار دەكا و چەكدارە خۆرئاواییەكانی ناو داعش بە زیاتر لە سێ هەزار كەس مەزەندەدەكا.
شیكار و لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بە گۆڕانكاری تاكتیكی و سنووری جەنگی دژ بە داعش دەكەن. لە ئێستادا فڕۆكە جەنگییەكانی فەڕەنسا و ئەمریكا هێرش دەكەنە سەر چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریادا و ژمارەی هێرشەكان ٢٠٠ هیرشی تێپەڕاندووە.
لەبەرامبەر ئەمەدا داعش لە بەرەی عێراقدا لە پاشەكشەدایە و وەك چاودێرانی سەربازیی رایدەگەیەنن، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا، ئەگەرچی ئەوەش رادەگەیەنن ئەو هێرشانە بە تەنیا بەسنین بۆ بنبڕكردنی داعش. بەڵام زۆرێك هاوڕان لە لاوازبوونی داعش. وەك بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێمی كوردستان لاهۆر شێخ جەنگی بە میدیاكانی راگەیاند، "داعش توانای رووبەڕووبوونەوەی هەرێمی كوردستانی نەماوە."
بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوە دروستدەبێ، داخۆ داعش دەتوانێ هەڕەشەبێ بۆسەر خۆرئاوا لە كاتێكدا توانای هەڕەشەكردنی بۆسەر هەرێـمی كوردستان نەمابێ، كە تەنیا سێ حەفتە لەمەوبەر ٣٠ كیلۆمەتری مابوو بۆ پایتەختەكەی، هەولێر؟
ئەم لێدوانەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێمی كوردستان مانگێك لە دوای لێدوانێكی دیكەی دێ كە تیایدا رایگەیاند: "داعش مەترسییە بۆسەر هەمووان و لە ریزەكانی داعشدا چەندین چەكداری بیانی هەن. ئەوروپا دەبێ ئاگاداربێ چونكە ئەمانە دەگەڕێنەوە و ئەوروپا لە پشتەوە دەگەزن."
بۆچوونی ئەو بەرپرسە كوردە لای زۆرێك جێگەی گومانە. بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ئەگەرەكانی هێرشی داعش بۆسەر وڵاتانی خۆرئاوا، ئاژانسی ئانادۆڵۆ دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ راگری كۆلیژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی كوردستان/ هەولێر ئەلێكس دانیڵۆڤیج ئەنجامدا. بە بڕوای دانیەڵۆڤیج "ژمارەی چەكدارانی داعش لە چەند هەزار كەسێك تێناپەڕێ. ئەگەر خواستێك هەبێ لە ماوەیەكی كوردتدا تێكدەشكێنرێن. لە هەمانكاتدا وڵاتانی ئەوروپا پارێزراون و داعش ناتوانێ مەترسییان لەسەر دروستبكا."
لە درێژەی روونكردنەوەی ئەم پرسەدا، بەرپرسی كۆلێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی كودستان/ هەولیر پێیوایە، "ئەوروپا زیاد لە داعش لەبەردەم مەترسی ئەو گروپە ئیسلامییانەدایە كە لەسەر خاكەكەی لە گەشەدان. ئەمەش بە هۆی قاڵ نەبوونەوەیان لە بۆتەی كۆمەڵگەی ئەوروپی و هەبوونی بیری رادیكاڵانەی ئاینیی."
سەرباری ئەم گومانانەش، وڵاتانی ئەوروپا پەیتا پەیتا كاروانی هاوكاری مرۆیی و سەربازیی دەگەیەننە عێراق و هەرێمی كوردستان و گەنگەشەی پێدانی چەكی زیاتر دەكەن بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا. پێدەچێ رووبەڕووبوونەوەی داعش كاتی زۆرتری دەوێ وەك چۆن دەیڤد كامیرۆن لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا دەڵێ "رووبەڕووبونەوەی داعش كاتی زیاتری پێدەچێ."
لەم جەنگەدا مەبەست تەنیا لێدان و پەكخستنی توانای هێرشكردنی داعش نییە. بەڵكو وەك ئەلێكس دانیەڵۆڤیج رایدەگەیەنێ بۆ گۆڕانكارییە لە باڵانسی هێز لە ناوچەكەدا، یاخود وەك گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێ: "ئەم شەڕە شەرێكی ئایدۆلۆژییە" ئەمەش بەو واتایەی وڵاتانی خۆرئاوا دەبێ ئایدۆلۆژیایەك تێكبشكێنن كە پێچەوانەی بەها خۆرئاواییەكانە.
news_share_descriptionsubscription_contact

