واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی لە لێدوانێکی چاپەمەنیدا گوتی: "ھیچ بەڵگەیەکی راست و بەھێز لە بەردەستدا نییە بیسەلمێنی ئەو دەنگۆیانەی باس لە کوژرانی خەڵکی سڤیل بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانەوە دەکەن. راستن. تا ئێستا ھیچ پاساوێکی راست بۆ باوەڕکردن بەو دەنگۆیانە نییە."
کێربی لە بەشێکی قسەکانیدا وردەکانی ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی عەرەبی بۆسەر رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) لە سوریا خستەڕوو و گوتی: "ئەو ھێرشانە بەردەوام دەبن، ناتوانم بڵێم تا ئێستا ئەمریکا لە بەرامبەر داعش سەرکەوتووە سەرەڕای بەردەوامبوونی ھێرشە ئاسمانییەکان، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرچاوە داراییەکانی داعش وشک نەکرێن و تا ئەو کاتەی رویشتنی خەڵک بۆ ناو داعش بەردەوام بێ، زووە بڵێین سەرکەوتوو بووینە."
کێربی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کوژرانی خەڵکی سڤیل بەھۆی ئەو ھێرشانەوە گوتی: "لە چەند ھەواڵ و راپۆرتێکدا باسی کوژرانی چەند کەسێکی سڤیل دەکرێ، ئێمە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر راستی و دروستی ئەو بابەتانە دەکەین، بەڵام تا ئێستا ئەو کەناڵانەی پەیوەندییان بە ھێرشە ئاسمانییەکانەوە ھەیە ھیچ جۆرە بەڵگەیەکیان پێشکەش نەکردووە کە بیسەلمێنێ خەڵکێکی سڤیل بەھۆی ئەو ھێرشانەوە کوژراوە."
کۆمیتەی مافی مرۆڤی سوریا لە لەندەن بڵاویکردبووەوە، کە ژن و منداڵانی داعش و خەڵکی سڤیل بەھۆی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە ئاسمانییانەوە کوژراون.
کێربی لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە نزیکەی ٥٠٠ سەربازی دیکەی ئەمریکا رەوانەی ناوچەکە دەکرێن و ٢٠٠ لەو سەربازانە دەچنە عێراق و لە چوارچێوەی کۆمیتەی ھاوبەشی نێوان ھەولێر و بەغدادا کار دەکەن و ئەو ٢٠٠ سەربازە بەشێکن لەو ژمارە سەربازانەی کە رۆژی ١٠ی ئەیلول سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێدابوو، کە سەرباز رەوانەی عێراق دەکا.
باسی لەوەشکرد کە ئەو ٣٠٠ سەربازەی دیکە لە ناوچەکەدا دەبن و جارێ ھیچ بەرنامەیەک بۆ ناردنی ئەو ٣٠٠ سەربازە بۆ عێراق لە ئارادا نییە.
کێربی جەختی لەوەکردەوە کە شوێنی مانەوەی ئەو ٣٠٠ سەربازە ئاشکرا ناکەن.