Sarmand Hameed
01 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە شاندێکی باڵای رووسی بە سەرۆکایەتیی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، میخاییل بوگدانۆڤ.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانهوه بڵاو کراوەتەوە، لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا تاوتوێ کراوه.
لە راگهیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە هەر لە میانی دیدارەکەدا، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، سڵاو و رێزی سەرکردایەتیی رووسیای بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گەیاندووه و ئاماژەی بە رۆڵی دیاری سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کردووه کە رووسیا وەک پێشەوای نەتەوەیی کورد دەیبینێت، ھەروەھا باسی لە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێم کردووه و جەختی لەوە کردووهتەوە، کە پێویستە بیر و بۆچوونەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ناوچەکە لە بەرچاو بگیرێت.
لای خۆیهوه مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕیوه، بەتایبەتی فراوان کردنی دەرفەتەکانی هاریکاریی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی سووریا و پرسی کورد لە ناوچەکەدا کراوه، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، جەختی لە گرنگیی هەبوونی نەخشەڕێگەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا كدووهتهوه کە دووربێت لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی و نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە کوردییەکانی سووریا بکات.